کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵامێكی كورت بە پڕوپاگەندەی ژەهراوی دژی خەڵكی كوردستان

22:40 - 23 خەرمانان 2712

كوردستان‌میدیا: حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە پڕوپاگەندەی كە لە دوای رێكەوتننامەی هاوبەشی ئەو دوو حیزبەدا كەوتبووە رێ‌، بۆ ڕای گشتی رۆنكردنەوەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

دەقی رۆنكردنەوەكە بەم چەشنەیە:

لەم رۆژانەی دواییدا و بەدوای بڵاوبوونەوەی رێكەوتننامەی هاوبەشی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وێڕای پشتگیری كردن و پێشوازی بەربڵاو، شەپۆلێك لە پڕوپاگەندەی ناڕەوای بەلاڕێدا بەری راگەیاندنەكانیش سەبارەت بەم رێكەوت نامەیە كەوتە رێ كە روونكردنەوەی ئێمە ئیمزاكرانی ئەم رێكەوتننامەیە بۆ بیرو ڕای گشتی خەڵكی ئیران پێویستە.
بەشێك لە پڕوپاگەندەی راگەیاندنەكان وەها دوور لە راستی و قێزەون و وەها نزمە و ئاوێتەی سادە هەڵخڵەتێنییە كە شیاوی ئەوە نییە وڵامێكی جیدی لە لایەن ئێمەوە پێبدرێتەوە. كەسانێك كە داوای تۆبە لە ویلایەتی فەقیه دەكەن وستایشی سەركوتی گەلی كورد دەكەن و رایدەگەیەنن كە ئامادەن بۆ هاوكاری لەم سەركوتە، دەستی رژیمی سەركوتگەری دەسەڵاتدار ماچ بكەن، تا بەخەیاڵی خۆیان بەر بە لەبەریەك هەڵوەشانی ئێران بگرن، چ وڵامێك دەكرێ بدەیتەوە؟
خەڵكی كوردستان ئەم بێحورمەتی و هەڕەشانەیان زۆربیستووە و لەبەرچاویان نەگرتووە. بەڵام داخی ئێمە لە شەمشیركێشانی كەسانێكە كە لە بەشێك لە روشنبیر و سیاسیە هەڵكەوتوووەكانی ئیران پێك هاتوون و ئێستا لە بەیاننامەیەكی سەرتاپا ناڕاست كەوتونەتە ترس نانەوە و بەلاڕێدا بردنی بیرووڕای گشتی و كەشی بەدگومانی و دوژمنایەتی لە نێَو خەڵكی ئێراندا بڵاو دەكەنەوە.
ئیمزاكەرانی بەیاننامەكە هەر لە هەنگاوی یەكەمەوە بە درووشمی دیفاع لە یەكپارچەیی و خەبات دژی لە بەریەك هەڵوەشان واتە چەكێك كە تا ئێستا پەرەپووشكەری گشتیی سەركوتەكانی رژیمی دەسەڵاتدار لە كوردستان بووە، دێنە مەیدان. خودی مانشێتی بەیاننامەكەی ئەوان واتە پارێزگاری لەسەربەخۆیی و یەك پارچەیی ئیران، سەرەتای هەرجۆرە كارێكی بنەڕەتی سیاسی، لە سەر بنەمایەكی بەراوەژوو و نادێموكراتیك دادەنێ.
بە باوەڕی ئێمە سەرەتای هەركارێكی سەرەكی سیاسی كە بكرێ ئەمرۆ بنەمای یەكگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی دێموكراسیخواز بێ و لە داهاتوودا یاسای بنەڕەتی لەسەر بوونیادبنرێ، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و فرەچەشنی و بەرەسمی ناسینی مافی نەتەوەكان و ملكەچ بوون بۆ پەنا نەبردن بۆ توندوتیژی لە پەیوەندییە ناوخۆییەكانی خەڵكی ئێرانە و رێك لە بەرچاوگرتن و پابەندبوونی بەم بنەمایەیە كە دەتوانێ بە باشترین شێوە یەكێتی ئێران و سەربەخۆیی راستەقینەی وڵات، كە ئێمەش پارێزگاری لێ دەكەین، دەستەبەر و دابین بكا. جێی داخە كە دۆستانی دێموكراسی خوازی ئێمە كە لەخاڵی دیكەدا بە ئاسانی ستایشی دیموكراسی دەكەن و لەوە سەرمایەیەك بۆخۆیان دەستەبەر بكەن بەڵام كە دەگاتە كوردستان و مافی نەتەوەیی كوردەكان، دیفاع لە دیموكراسی وەها دژوار دەبینن و لە بەرامبەردا وەها نامەسئوولانە پەنا دەبەنە بەرهەڵخڕاندی هەست و پەنادەبەنە بەر گۆپاڵی هەڕەشە و بێ هیچ ترسێكی ئەخلاقی خۆیان لەگەڵ تیمسارەكانی دوێنێ و سەردارانی ئەمڕۆ یەك دەنگ و هاودروشم دەكەن.
ئەم دیاردەیە بەڕوونترین شێوە دەیسەلمێنی كە لەوڵاتێكی فرە نەتەوەیی ئێراندا هەڵسوكەوتی دروست بەكێشەی نەتەوەكان و بە رەسمی ناسینی مافی ئەوان چ سەنگی مەحەكێكی باشە بۆ ناسینەوەی دیموكراسی خوازی راستەقینە.
بۆئێمە بەتایبەت جێی داخە كە ژمارەیەك لە دۆستانی ئیمزاكەری بەیاننامەكە وێڕای ئاشنایی نزیكیان لەگەڵ بزوتنەوەی كوردستان و حیزبە كوردیەكان و زانیاریان لە سەر باوەڕ و هەڵوێست و كردەوەی دەیان ساڵەی ئێمە و دوای تەمەنێك كە خۆیان لە گەڵ خەباتگێڕانی كورد پەیوەندییان بووە و هەروەها لە رابردوودا خۆیان بە لاینگری مافی دیاری كردنی چارەنووس و سیستمی فیدڕاڵی بۆ ئێران زانیوە، ئێستا هەموو شتێكیان لە بیربردوەتەوە و لەگەڵ تەرجیع بەندی جیاخواز دەبێ ئیعدام بكرێ هاودەم بوون. ئایا ئەم دۆستانە نازانن كە پێكهێنانی ترسی ناراست سەبارەت بەدابەش كردنی ئێران ئاوێكە راستەوخۆ دەچێتە ئاشی رژیمی كۆماری ئیسلامییەوە و تەنیا بە پێكهێنانی دووبەرەكی و دڵساردی لە ریزی بزووتنەوەی گشتی ئازادی خوازانی ئێران خزمەت دەكا. ئەویش لەهەلومەرجێكدا كە زیاتر لە هەركاتێكی تر نەتەوەكانی ئێران بە مەبەستی رووخاندنی رژیم كۆماری ئیسلامیی و بوونیاد نانەوەی ئێران پێویستی بە یەكڕیزی و بەرنامەی هاوبەش هەیە.
ئێمە ئیمزاكەرانی رێكەتننامەی هاوبەشی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وێڕای پێداگری دووبارە لە سەر بەندەكانی رێكەوتننامەكە رایدەگەیەنین كە مەبەستی ئێمە دابین كردنی خواستە بەرحەقەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی ئێرانێكی ئازاد و دێموكراتیك و فێدڕاڵ و سێكۆلار دایە. ئێمە ئەم هەڵوێستە نەك بۆ دڵخۆش كردنی ئەم و ئەو بەڵكو بە پێی باوەڕمان و لە پێناو بەرنامەی سیاسی دەیان ساڵەی حیزبەكانمان وەرگرتووە. ئێمە بەڕاشكاوی لە سەر پێویستی بەرقەراركردنی نیزامێكی فیدڕاڵ لە ئێران پێداگری دەكەین و پێمان وایە وەها نیزامێك نەك خواستی گەلی كورد و باقی نەتەوەكان ئێران بە باشترین شێوە دابین دەكا، بەڵكو هەنگاوێكی گەورەیە لە پێناو دێموكراتیزەكردنی ئێران و قەوارەی سیاسی دەوڵەت لەم وڵاتەدا و هەروەها بەهێزترین زەمانەتی پاراستنی یەكگرتوویی ناوخۆیی كۆمەڵگای ئێران، پێكەوە ژیانی هێمنانەی خەڵك و پاراستنی یەك پارچەیی وڵاتی ئێرانە. بزوتنەوەی كورد هەرگیز پەرەی بە كینە و نەفرەتی قەومی نەداوە و پێداگری لە سەر نەكردووە، بەڵكوو لە ناوەرۆكێكی تەواو دێموكراتیك و پێشكەوتن خوازانە بەهرەمەندە .
خواستە نەتەوییەكانی كوردیش كە ئەمڕۆ لە دروشمی فدڕالیزم دا خۆی دەنوێنێ‌ لەشێوازە ستانداردە دێموكراتیەكان و پەسەندكراوە جیهانییەكان پەیڕەوی دەكا و لەدژی هیچ نەتەوە و زمان و فەرهەنگێك نەبووە بەڵكوو دژی ساختاری نادیموكراتیك و تۆتالیتێری دەوڵەت لە ئێران و سەركەوتنی خۆشی لە پێكهێنانی گۆڕانكاری دیموكراتیك لە وڵات دا دەبینێ، نەك لە رێگای دوژمنایەتی هیچ بەشێكی دیكەی كۆمەڵگای ئێران.
ئێمە بە پشت بەستن بە كردەوەی دەیان ساڵەی خۆمان تاكید دەكەین كە كوردستان مەكۆی پتەوی ئازادی خوازیی و دیموكراسی خوازی لە ئێران بووە و دەبێ، لەدژوارترین هەلوومەرجیش دا لە هیچ جۆرە دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ خەباتكارانی سەراسەری ئێران دەرێغی نەكردوووە، بەڵكوو هەمیشە پاڵپشتی گشت ئازادی خوازانی ئێران بووە. ئەمرَۆش نزیكی و هاوكاری چڕوپری حیزبە خاوەن پێشینەكانی كورد كە گەورەترین پێگەی جەماوەری و متمانەی جەماوەری بەرینیان لە پشتە، لە چوارچێوەی ئەم رێكەتننامەیەدا، بە بەشی خۆمان بەرەی خەبات دژی سەرەڕۆیی حاكم لە ئێران بەهێزدەكا و دەتوانێ وەك بەرەیەكی بەهێز لە پێكهێنانی هەرجۆرە هاوپەیمانییەكی ئۆپوزوسیۆنی دیموكراسی خوازی ئێران دەور ببینێ و هەر بۆیە دەبی لە راستی دا لەگەڵ پێشوازی ئۆپۆزسیۆنی دێموكراسی خوازی سەراسەری بەرەوڕوو بێ و بەسەرەتایەكی باش سەیری بكرێ.
ئێمە وێڕای رێزی تەواو بۆ هەموو ئەو دۆستانەی كە لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانەدا دیفاعیان لەگەلی كورد و خواستە بەرهەقەكانی و دیفاعیان لە حیزبە كوردستانییەكان كردووە، ئەو ئاژیتاسیۆنە دوژمنانەیەی كە لە دژی گەلی كورد و حیزبەكانی كەوتۆتە رێ مەحكووم دەكەین و لە سەر ئەو باوەڕەین ئەم جۆرە زمان و پڕوپاگەندە، نامەسئوولانە و نادێموكراتیكە، تەنیا فەزای سیاسی ژەهراوی و ئاڵۆز دەكا و لە هەموو لایەكەوە توندڕەوی پەرە پێدەدا و بزوتنەوی ئازادیخوازی و دژی سەرەڕۆیی گشتی لە ئێران لاوازدەكا. هەربۆیە داوا لەگشت روناكبیران و كەسایەتیكان و هێزە سیاسیەكان دەكەین وێڕای مەحكووم كردنی ئەم هاتوو هاوارە تەبلیغاتییە ژەهراویە، یارمەتی دابین كردنی فەزایەكی گونجاو بۆ دیالۆگی بوونیادنەر و هێمنانە بدەن.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

22ی خەرمانانی 1391 ی هەتاوی