کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویزیتی پزیشک لە ئێران ٣٠٠ لەسەد گران بووە

11:55 - 12 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پزیشکیی مەشهەد باسی لە چوونە سەرەوەی ٢٠٠ تا ٣٠٠ لەسەدیی نرخی ویزیتی پزیشک لە ئێراندا کردووە.

"عەلی بیرجەندی‌ نژاد"، سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پزیشکیی مەشهەد  ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە بە شێوەی گشتی لە کاتی دەستپێکی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە مەشهەد، ٢٠٠ تووشبوو بەو ڤایرۆسە کادری دەرمانی بوونە کە تا ئێستا ١٢ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پاش دەستپێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی ویزیت لە ئێران ٢٠٠ تا ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە کە ئەگەر لەو پێناوەدا کارێک نەکرێت، درێژەی چالاکیی ناوەندە دەرمانییەکان تووشی کێشە دەبێت.

ناوبراو هەروەها لە قسەکانیدا وتوویەتی، لەو شارەدا ٥٠ لەسەدی سکاڵاکان لەسەر ئەو بابەتە تەنیا ٤٠ لەسەدیان بڕیاری سەردۆزگەری لەسەر دراوە و ٣٠٠ نۆرینگەی پزیشکییان داخستووە.

ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم نیشان لەوەیە کە هیچ چاوەدێرییەکی دروست بەسەر پزیشکەکاندا کە شوێنی تایبەتی کارییان هەیە، نییە و نرخەکان بە دڵی پزیشکەکان دەبرێنە سەرەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵ بۆ کەڵکاژۆ وەرگرتن لەو دۆخە دەدات و لە نموونەی ئەو هەوڵانە، دروستکردنی دەرمانی ساختە، بردنە سەرەوەی نرخی دەرمانەکان، زۆرکردنەوەی تێچووی خەواندنی نەخۆشەکان و تەنانەت قۆرخکردنی کەلوپەلە پزیشکییەکان و هتدە.