کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، چوار ئۆرگان و کۆمپانیای خسته نێو لیستەی گەمارۆوەکانەوە

12:17 - 5 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، چوار ئۆرگان و کۆمپانیای به هۆی پێوەندی لەگەڵ سپای قودس و هەروەها فڕۆکەوانیی ماهان خستە نێو لیستەی گەمارۆوەکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە، که ئەم وڵاتە بۆ سنووردارکردنی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریه، سزاگەلێکی نوێی دژ به میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە سووریه و هەروەها کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی که خزمەتگوزاریی پشتیوانی لە سپای قودسی لە ئەستۆیە، دیاری کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خەزێنەداری، "لەشکەری فاتمیوون"، "تیپی زەینەبییون" و هەروەها "کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فارس قشم" تووشی ئەم سزا دیاریکراوانەی ئامریکا بوونه.

"سیگاڵ ماندێلکێر"، جێگری وەزیری خەزێنەداری ئامریکا، لە کاروباری ماڵی و تێرۆردا به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لەوە کردووە، که ئێران به کەڵکوەرگرتن له ماهان ئایر بۆ ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە، درێژە به گواستنەوەی هێز و چەکوچۆڵ دەدات.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، کە ئامریکا سزای توند بۆ ئەو کەسانەی دیاری دەکات، که یارمەتی و هاوکاریی ماهان ئایر و ئەو کۆمپانیایانی دیکه دەکەن، کە پێشتر ناویان ڕاگەیەندراوە.

سزاکانی ئامریکا، کۆمپانیای "فلایت ئێڵ. ئێڵ. سیـ"ـیش دەگرێتەوە، چونکه ئەم کۆمپانیایە کە لە ئەرمەنستاندایە لەگەڵ ماهان ئایر و سپای قودس پێوەندییەکی نزیکی هەیە.