کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەگرێکی کوردی کوردستانی ئێران پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی لە وڵاتی ئاڵمان کردەوە

13:14 - 1 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بابەک سدیقی وێنەگری کورد، پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی لەژێر ناوی فرمێسکی گوڵی محەممەدی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە برد.
سدیقی لەو پێشانگایەدا کۆمەڵێک لە وێنەکانی لە هۆڵی نێودەوڵەتیی زانکۆی گبین لە شاری ماربۆرگی ئاڵمان خستە بە چاوی بەشداران و لایەنگرانی ئەو بوارە.
ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی کردەوە، ئەو پێشانگایە ١٥ وێنەی رەش و سپیی لە خۆ گرتبوو و وێنەکانیش باسیان لە هەڵگرتنی گوڵی محەممەدی و دروست کردنی رۆن لەم گوڵ لە ناوچەی لالەزاری پارێزگای کرمان لە ئێرانی دەکرد.
هاوکات لەگەڵ ئەو پێشانگایە چەندین سیمیناری فەرهەنگی، وەکوو نمایشی فیلم و کتێب و بەڕێوەچوونی شانۆ و چەندین هونەری دیکە لە شاری ماربۆرگ بەڕێوە چوو.
شاری ماربۆرگ لە ناوەندی بەشی ماربۆرگ بیدێک پۆف لە باکووری ویلایەتی هێسێن لە ئاڵمان هەڵکەوتووە.
بابەک سدیقی تەمەن ٣٨ ساڵ و ئەندامی لێژنەی داوەرانی ١٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەری شێوەکارییە و هەتا ئێستا چەندین پێشانگای تاکەکەسیی لە رێکخراوەی میراتی کولتووریی ئێران و هەروەها لە شارەکانی ئیستانبووڵ، بەیرووت، بانکووک، پاریس و چەندین شاری دیکەی جیهان کردۆتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە وەک فۆتۆگرافێر لەگەڵ ئاژانسی فۆتۆگرافی Writter Pictures ئیسکاتلەند و ئاژانسی فۆتۆگرافی Panos Pictures لە لەندەن هاوکاری کردووە.