لە ڕۆژی نەورۆزی کوردەواریدا لاوان، کیژ و کوڕان و خەڵکی دێموکراتپەروەری شارۆچکەی نێ بۆ پیرۆزکردنی جێژنی نەورۆز وێنەی ڕێبەرانی شەهیدیان بەرز کردەوە.
لاوان و مێرمنداڵانی نێ دیسانەوە نەورۆزی ڕزگارییان پیرۆز کرد و لەو ڕۆژەدا کچان، کوڕان و لاوانی شۆڕشگێڕ وێنەی ڕێبەرانی شەهیدیان بەرز کردەوە و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوە لاوانی شۆڕشگێڕی نێ هەیمەنەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان دیسانەوە تێكشکاند و بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی ڕێبەر و شەهیدانی حەماسەی کۆساڵان؛ پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
لاوانی نێ ڕایانگەیاندووە، ئێمە لە هیچ بارودۆخێکی سەختدا ڕاسانی ڕەوا لەبیر ناکەین و نەوە بۆ نەوە ئەو پەیامە فێری منداڵان و بنەماڵەکان دەکەین.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەورۆزی کوردستان و نەورۆزی نێ بەشداریی ژنان بە جامانەی کوردییە کە دیمەنێکی شۆڕشگێڕانە بە مەراسمەکە دەبەخشێت.
ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران شەوانی پێنجشەممە و هەینی هەتا کاتژمێر ٩ی شەو کارەبای شارۆچکەی "نێ"ی پچڕاند و هەروەها هاتوچۆی خەڵکی شار و گوندەکانی دەورووبەری کۆنتڕۆڵ دەکرد.