کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەدواکەوتنی مووچەی کرێکارانی شارەداری و ئەگەری مایەپووچ بوونیان

11:03 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ ئەگەری مایەپووچ بوونی شارەداری سەقز، بەشێکی بەرچاو لە کرێکار و کارمەندانی ئەم شارەدارییە زیاتر لە ٤ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دۆشداماون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیاتر لە ٤ مانگە زۆربەی کرێکار و کارمەندەکانی شارەداری سەقز و کۆمپانیاکانی بەستراوە بەم ناوەندە لە وەرگرتنی حەقدەست و مووچەی مانگانەیان بێبەری کراون و هیچ کەس و لایەنێکیش ئامادە نییە وڵامدەری ئەم دۆخەیان بێت.

بەوتەی بەشێک لەم کەسانە کە لەهەمبەر دۆخی داسەپاو بەسەر ژیانیان ناڕازی و نیگەرانن، ئەوان بۆ دابینکردنی تێچووە ڕۆژانەکانی ژیان، پارە و تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان و کرێ خانوو و ... تووشی گرفتی جیدی بوونەتەوە و تووشی ئازاری ڕۆحی کردوون.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش موحسێن بیگلەری، بەناو نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی رێژیم ڕایگەیاند: ئاستەنگە ماڵییەکان لە بەردەم شارەدارییەکاندا بووەتە هۆی نەدانی مووچە و ئەمەش، شارەدارییەکانی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ئەو مۆرەی ڕێژیم وێڕای ئاماژە کردن بە درێژبوونەوەی ماوەی پێنەدانی پارەی کرێکارانی شارەدارییەکان ڕایگەیاند: بە هۆی زۆربوونی ژمارەی کرێکاران لە شارەدارییەکان و پێنەدانی پارە بەو کرێکارانە کێشە بۆ بنەماڵەکانیان دروست بووە؛ شارەدارییەکانی پارێزگای سنە بە هۆی قەرزداربوونیان و پارەی دواکەوتووی چەند میلیاردی تووشی دۆشداماوی بوون؛ ڕاشیگەیاند: شارەداری شاری سەقز وەکوو قەزردارترین شارەداری پارێزگای سنە زیاتر لە ١٤٠ میلیارد تمەن قەرزدارە و ئەمەش بووەتە هۆی پێنەدانی "دست چک" لە لایەن بانکەوە بەو ناوەندە.