کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزش لەماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران

13:05 - 1 جۆزەردان 2719

عەلی مەولان نژاد

کۆماری ئیسلامی ئیران لە سەردەمێکدا  سەری هەڵدا کە کۆمەڵگای جیهانی لە حاڵی تێپەڕکردنی ئەزموونی مۆدێڕنیتەدا بوو. ئێرانی ئەوکات ئامادەیی تەواوی هەبوو کە پێشکەوتن و نوێگەرایی بە خۆیەوە ببینێ و هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی  بڕواتە پێش و ڕکابەری بکات.

 بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئێران سەردەمێکی نوێی بە خۆیەوە بینی و بە دانانی یاسای بنەڕەتی وڵات لەسەر بنەمای شەرعی ئیسلامی شیعی ویلایەتی فەقیهی، و گەڕانەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە قەڕنی بیستەمدا، و ناتەبابوون و ناکۆک بوونی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ زۆریەک لە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی و دەست بەسەرداگرتنی وڵات لەلایەن مەلاکان پێش هەموو شتێک کێشە  خوڵقێن بوو، بۆ وەرزش و وەرزشوانانی وڵات. ئەو کارەساتانەی کە بەسەر وڵات و خەڵکی ئێرانیان هێنا کەم نەبوو، ئەم جارە ڕوویان کردە وەرزش و بە دەرکردنی  فتوای حەرام بوونی زۆریەک لە ڕشتە (لقە) وەرزشییەکان کە پێیان وابوو لەگەڵ شەرعی ئیسلام و ئەخلاقی ئیسلامی  ناکۆکیان  هەیە، لاپەڕەیەکی پڕشوورەیی و ئابڕووبەرانەی نوێیان بۆخۆیان تۆمار کرد.

وەرزش وەکوو دووهەمین دیاردەی گەشەی کۆمەڵایەتی  ناسراوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا وەرزش دەتوانێ  دیاردەیەکی ڕێگەخۆشکەر  بێ بۆ گەشەکردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی وڵاتێک، تا ئەو جێگایە کە زۆریەک لە وڵاتان تەوەری پەرەسەندن و پێشکەوتنی خۆیان لە وەرزش دا چڕکردۆتەوە. پەرەسەندنی وەرزش لەنێو وڵاتدا دەتوانێ هاندەر بێ بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی شاد و خۆشگوزەران و سەرمایەگوزاری لە بواری دەوا و دەرمان کەم بکاتەوە و هاتنەخوارری بەکار هێنانی ڕێژەی دەرمانی لێبکەوێتەوە. کە بەداخەوە لە ئێرانی ئیسلامیدا نەک لە وەرزش بۆ هێنانی داهات و سەرمایەگوزاری وڵات کەڵکی لێوەرنەگیراوە، بەڵکوو بەپێچەوانە بە حەرام کردنی زۆریەک لە ڕشتە(لقە) وەرزشییەکان وەک: شەتڕەنج، کۆنگ فۆ، کوشتی کەج و  بۆکس دەستی پێکرد. چوونکە لە ئیسلامدا هاتووە هەر شتێک کە خەسارەت بە جەستەی مرۆڤ بگەیەنێ حەرامە، و لەسەر ئەو بنەمایە زۆریەک لە ڕشتە وەرزشیەکان بەرەبەرە حەرام کران.

یەکێک لە کارەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران کە لەگەڵ وەرزش کردی، لەڕاستیدا خەیانەتێکی گەورە بوو،  بەنیسبەت وەرزشی ژنان لە ئێراندا. چوونکە وەرزشوانانی ژن لە ئێران گەورەترین قوربانیان دا لە بە ئیسلامی کردنی وەرزش. ڕێگری لە مافی وەرزشکردنی ژنان، هێشتنەوەی ژنان لەنێو ماڵەکاندا و تەنانەت پێشگیری کردن لە  چوونیان  بۆ یاریگا وەرزشییەکان بۆ چاولێکردنی یاری وەرزشی، زووڵم و ناحەقییەک بوو کە لە ژنانی بەتوانای ئێرانی بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی کرا.

 یەکێک لە ئاوات و ئارەزووەکانی  وەرزشوانان و هاندەرانی وەرزشی لەئێران  پاش ٤٣ ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، وەرگرتنی بەرکەوتی (سەهمییەی) بەڕێوەبردنی جامی نێودەوڵەتی فوتبالی وڵاتانی ئاسیا بوو، کە بەهۆی ڕێگەپێنەدان بە ژنان، بۆ چاولێکردنی یارییەکان لە یاریگا، خەڵکی ئێران لەو ڕووداوە گرینگە وەرزشییە نێودەوڵەتییە بێبەش بوون، کە دەیتوانێ لەبواری گەشەکردنی ئابووری، گەشتیاری و باشتربوونی پێگەی وەرزشی ئێران ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێ.

پاش تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر و ئەو گوشار و زەختانەی کە لەلایەن فدراسیۆنەکانی  وەرزشی جیهانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی زۆر یەک لە ڕشتە وەرزشییە حەرام کراوەکان، کاریگەری خۆی دانا و یاریزانانی بە توانای ئێرانی، پێکهاتوو لە ژن و پیاو توانیان میداڵ و ئیفتخاراتێکی زۆر بۆ وڵاتەکەیان بە دیاری بێنن و ئاستی وەرزشی ئێران بۆ پلەی جیهانی بەرز بێتەوە. کە ئەو سەرکەوتنە وەرزشیانە بوو بەهۆی ئەوە کە دەسەڵاتدارانی سیاسی و نیزامی وڵات خۆیان لە ئاستی بەرپرسایەتی گشتی تیمە وەرزشیەکاندا ببیننەوە و  پێیان وابوو کە دەتوانن جێگە و پێگەیەکی باش لەنێو کۆمەڵانی خەڵک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.

یەکێکیتر لەو پرسانەی کە لەماوەی ئەو ٤٠ ساڵەدا کە بە مەبەستی ئامانجدار، بۆ وەرزشی ئێران هاتە گۆڕێ، درزکردنی دەست و پێوەندییەکانی ئیتلاعات، سپای تیرۆریستی پاسداران بۆ نێو فێدراسیۆنە وەرزشییەکان و بەرپرسایەتی گشتی تیمە وەرزشییەکان بوو کە دەتوانین ئاماژە بەناوی چەند کەس لە بەرپرسانی گشتی تیمە وەرزشییەکانی ئێران بکەین، کە پۆستی باڵایان لە سیاسەت و فەرماندەری سپای تیرۆریستی پاسداراندا هەبووە، کە ویستوویانە بە خۆهەڵاوەسین و خۆحاشاردان بەناوی نهێنی لە وەرزشدا سرنجی بیروڕای گشتی خەڵک بە نیسبەت خۆیان بگۆڕن. کە بەخۆشیەوە لەو پیلانگێڕیەشدا سەرکەوتوو نەبوون و ڕووی ناحەز و دزێویان بۆ هەمووی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و دوونیای دەرەوە ئاشکرا بوو.

حەبیب کاشانی بەرپرسی گشتی تیمی فووتباڵی پێرسپۆلیس، کە ڕابردووی سێ خول بەشداری لە شوڕای ئیسلامی شاری تارانی هەیە. هەروەها ڕابردووی چەندین ساڵ بەشداری لە بەرەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق و چەند ساڵ فەرماندەیی ناوەندی بەسیج لە تارانی لە ئەستۆ بووە.

مێهدی تاج بەرپرسی گشتی فێدراسیۆنی فووتباڵی ئێران، خانەنشینی سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکەی خزمەتکردنی لە هێزی ئیتلاعاتی سپا لە دوای شەڕی نێوان ئێران و ئێراق کە گرینگترین ئۆرگانی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

سەردار محەممەد  ڕوویانیان بەناوی ئەسڵی نەوشیروان ڕوویانیان ڕەئیسی بازڕەسی تایبەتی ستادی تەواوی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی پێشووی پۆلیسی هاتووچۆی (ناجا) کە هاوکات بەرپرسی گشتی تیمی فوتباڵی پێرسپۆلیس بوو.

(سەردار غەفوور )، (مستەفا مودەبێر) کە هەردوو ناو، ناوی نهێنی ئەمیر مەنسوور بوزۆرگیان ئەندامی سەرەکیی تیمی تیرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دەستی لە تیرۆرکردنی شەهید دووکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا هەبوو، و پێشتر بەرپرسایەتی هەستیاری ئەمنییەتی، بەرپرسایەتی حەراسەتی شۆڕای باڵای ئەمنییەتی میللی لە ئەستۆ بووە. لەو دواییانەدا بە حاشاردانی خۆی وەک کەسایەتی وەرزشی دەرخست بوو کە بەرپرسی گشتی تیمی فوتباڵی سایپای تارانی لە ئەستۆیە، کە  بەپێی لێدوانەکانی عەلی دایی ڕاهێنەری تیمی سایپا سیمای ئەسڵی ناوبراوی بۆ خەڵک ڕوون کردەوە و ئاشکرای کرد کە چ کەسانێک و لە چ پۆست و پلەیەکی سیاسی و نیزامیدا لەنێو وەرزشی ئێران دەستێوەردان دەکەن.

تاکوو ئێستا ناوی چەندین کەسایەتی نیزامی و سیاسی لە کاروباری وەرزشدا ئاشکرا بووە، و بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین کە بەدەیان و سەدان کەسیش ناویان بە نهێنی ماوەتەوە و بۆ خەڵک ئاشکرا نەبوون، و تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر لە کاروباری وەرزشدا  بەردەوامن و کاری خۆیان درێژە پێدەدەن. کەوابوو بەپێی ئەو بەڵگانەی کە ڕوو کراون، دەیسەلمێنن کە وەرزشی ئێران لەلایەن نیزامی کارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە میلیتاریزە کراوە.

ناکارامەیی و بێ بەرنامەیی بوونی بەرپرسانی گشتی غەیرە وەرزشی ئێران لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا وایکرد کە چەندین هەڵەی غەیرە ئەخلاقی و ناجوامێرانە لە وەرزشی ئێراندا لەلایەن ئەو کەسانە لە ئاستی نێو نەتەوەییدا ڕوو بدا، کە جگە لە شەرمەزاری و سەرشۆڕی و بێبەشکردنی وەرزشوانان و تیمە وەرزشییەکان لە کێبەرکێکان هیچ ئاکامێکی دیکەی بۆ وەرزشی ئێران بە خەڵات نەهێنا. بۆ نموونە دەستێوەردان و دەستکاری کردنی ناسنامەی وەرزشوانان(جعل) و ناردنی گەورە ساڵان بە جێگای لاوان بۆ کێبەرکێکانی فوتباڵی نێودەوڵەتی لاوانی ئاسیا، کە ئاکامەکەی بوو بە مەحڕووم کردنی لاوان بۆ چەند ساڵ لەو یاریانە. یاری نەکردنی وەرزشوانانی ئێران لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسڕائیل، کە ئاکامەکەی بوو بە لەدەستدانی چەندین میداڵی ڕەنگاوڕەنگ. بەهۆی ئیسلامی کردنی وەرزش لەئێران، ژنانی وەرزشوانی ئیرانی ناتوانن لە زۆریەک لە ڕشتە وەرزشییە تاکی و تیمی نێو دەوڵەتی وەک: مەلەوانی، ژیمناستیک، کوشتی، بۆکس، واتێرپۆلۆی ژنان و... بەشداری بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.