کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠٠ وەرزشوانی ئێران داوایان کردووە دۆسیەی ئێعدامەکانی ٦٧ ڕادەستی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەگرتووەکان بکرێت

13:46 - 9 سەرماوەز 2721

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ''حەمید نووری'' یەکێک لە تاوانبارانی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧، زیاتر لە ١٠٠ وەرزشکاری ئێرانی لە نامەیەکدا ڕوو لە سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو پەیوەندییەدا داوایان کردووە کە لێپێچینەوە لە ''عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی'' بکرێت.

لەو نامەیەدا ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە کۆمەڵکوژی و جینایەت دژی مرۆڤایەتی ناسراوە و داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو یەکێک لە بڕیاردەرانی ئەو جینایەتە و ئەو کسانەی کە دەستیان تێدا هەبووە محاکمە بکرێن.

ئەو ١٠٠ وەرزشوانە کە لەنێویاندا ناوی قارەمانی جیهان و ئولەمپیک دەبینرێت کە ڕوو بە ''ئانتۆنیو گوترێش'' سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردووە دۆسیەی کوشتارەکانی ساڵی ٦٧ ڕادەستی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت.

هەزاران زیندانیی سیاسی لە دەیەی ٦٠، لە زیندانەکانی ''ئەوین و گەوهەردەشت'' و زیندانەکانی دیکە لە شارەکانی ئێران بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی و بە بڕیاری هەیئەتی مەرگ ئێعدام کران.

ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی زۆر دەدات ئەو جینایەتە دژە مرۆییە بشارێتەوە بۆیە ئامارێکی ورد لە ژمارەی ئێعدامکراوان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لانیکەم ٤ هەزار و ٤٨٢ کەس لە ماوەی دوو مانگدا بێسروشوێن کراون.