کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد بووە پاڵەوانی کێبڕکێیەکانی "یوو ئێف سی"

11:21 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: "ماکوان ئەمیرخانی"، وەرزشوانی کوردی کرماشانی، لە کێبڕکێیەکانی "یوو ئێف سیـ"ـی، وڵاتی "سوئید"دا، پاڵەوانیی بەدەست هێنا.

"ماکوان ئەمیرخانی"، پاڵەوانی کوردی کرماشانی و دانیشتووی وڵاتی "فەنلاند"، لە کێبڕێیەکانی "یوو ئێف سی"، کە لقێک لە هونەرە ڕەزمییەکانە، ڕکابەری ناوداری بریتانیایی خۆی شکست دا و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

"ماکوان"، تەمەنی سی ساڵە، لەدایکبووی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی فەنلاندە و لە زۆرینەی کێبڕکێیەکاندا، پاش بەدەستهێنانی سەرکەوتن، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئاڵای وڵاتی فەنلاندی پێکەوە بەرز کردووەتەوە.

ئەم وەرزشوانە کوردە، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ فەنلاند کۆچی کردووە و چالاکییە وەرزشییەکانی خۆی لە "کوشتیـ"ـدا دەست پێ کردووە و دواتر لە "بووکس" درێژەی پێ داوە. ئەم وەرزشوانە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە لە کێبڕکێیەکاندا بەشداریی کردووە و سەرکەوتنگەلێکی زۆری بەدەست هێناوە.

"ماکوان"، لە کێبڕکێیەکانی "یوو ئێف سیـ"دا، کە لە بەناوبانگترین کێبڕکێیە وەرزشییەکانی جیهانە، وەکوو وەرزشوانێکی فەنلاندی بەشداری دەکات و لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: "وڵاتی من کوردستانە و فەنلاند شوێنی ژیانی منە".

ئەم وەرزشوانە کوردە کرماشانییە، عاشقی فەرهەنگ و بنچینە کوردییەکانی خۆیەتی و شانازی بە کوردبوونیەوە دەکات و هەر جار کە سەرکەوتن بەدەست دێنێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز دەکاتەوە.