کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد خەڵاتەکەی پێشکەش بە خەباتکارانی ڕۆژهەڵات کرد

11:20 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو بە یەکەمی کێبڕکێی ڕێکخراوی جیهانیی "فی ئێف سی" لە ئاڵمان و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خەباتکارانی ڕۆژهەڵات کرد.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر، "ئاکام تەرەغە"، یاریزانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە کێبڕکێی ڕێکخراوی جیهانیی "فی ئێف سی" لە شاری "بوخومـ"ـی وڵاتی ئاڵمان کە یاریزانانی زۆربەی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار بوون، بەشداریی کرد و پلەی یەکەمی ئەم کێبڕکێیەی بەدەست هێنا و کەمەربەندی پاڵەوانیەتیی جیهانیی "کیک بۆکسـ"ـی لە کێشی ٧٧ کیلۆدا بردەوە.

"ئاکام تەرەغە"، لە کێشی ٧٧ کیلۆدا توانی لە بەرانبەرەکەی کە قارەمانی کیک بۆکسی جیهان بوو بباتەوە و خەڵاتی قارەمانیەتیی کێبڕکێکە وەربگرێت.

ناوبراو ئەم سەرکەوتنەی پێشکەش کردووە بە خەباتکارانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەوانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە هەر شێوەیەک بۆیان کرابێت خزمەتیان بە بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد کردووە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

"ئاکام تەرەغە"، یاریزانی ناوداری کوردستانی ڕۆژهەڵات، کوڕی شەهید "ڕەحمان تەڕەغە"، ساڵی ١٣٧٢ لە شاری بۆکان لەدایک بووە و لە تەمەنی مێرمنداڵیدا کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەجێ هێشتووە و ئێستا دانیشتووی وڵاتی ئاڵمانە.

ناوبراو تا ئێستا لە چەندین کێبڕکێی نێونەتەوەییدا بەشداریی کردووە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە.