کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد لە ئاستی جیهاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

11:22 - 21 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی خەڵکی مەهاباد، لە ئاستی جیهان و لە وڵاتی قەزاقستاندا، توانی پلەی سێهەمی کاراتە بۆ خۆی تۆمار بکات.

"بێهزاد خزری" کاراتەکای مەهابادی لە کێبڕکێی جیهانیی ٢٠١٩ی قەزاقستان کە لە ٢٦ وڵاتی جیهانەوە ٢٦٠ وەرزشکار بەشدارییان هەبوو، سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

ناوبراو لە کێشی ٧٠ کیلۆدا توانی لە کێبڕکێ لەگەڵ وەرزشکارانی ئینگلیسی، تاجیکستانی و ژاپۆنی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی و توانی پلەی سێهەمی جیهان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەو وەرزشوانە کوردە ساڵی ڕابردووش لە کێبڕکێی جیهانیی کاراتەدا توانی میداڵی زیو بەدەست بهێنێت.

"بێهزاد خزری"، تەمەن ٢٩ساڵ، خەڵکی گوێکتەپەی مەهابادە و ١٥ ساڵە لە بواری وەرزشی کاراتەدا کار دەکات و هەتا ئێستا توانیویەتی ٢ جار قارەمانیی جیهان و ٢٠ میداڵی قارەمانی لە ئێراندا بەدەست بهێنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەرزشوانانی ئێران بەگشتی و وەرزشوانانی کورد بەتایبەتی، لەلایەن ڕێژیمەوە بایەخیان پێ نادرێت و بە ناچار زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن.