کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد پلەی یەکەمی قارەمانەتی زۆرانبازییەکانی ئاسیای بەدەست هێنا

13:07 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی کورد لە کێبڕکێیەکانی قارەمانەتی ساڵی ۲۰۱۹ی وەرزشی زۆرانیبازیی ئاسیادا، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

لە درێژەی سەرکەوتنەکانی لاوان و وەرزشوانانی کوردستان، وەزرشوانێکی کورد، بە ناوی "بەهمەن تەیمووری" و خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە قوناغی کۆتاییی کێبڕکێیەکانی قارەمانەتی ساڵی ۲۰۱۹ی وەرزشی زۆرانبازیی ئاسیا و لە کێشی ۷۹ کیلۆگرەمدا، بە سەرکەوتن بە سەر ڕەکابەرە هیندوستانییەکەی خۆیدا پلەی یەکەمی ئەو کێبڕکێیانەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد و مێداڵی زێڕی بەدەست هێنا.

کێبڕکێیەکانی قارەمانەتی ساڵی ۲۰۱۹ی وەرزشی زۆرانبازیی ئاسیا، لە پێنج کێشی جیاواز و لە ئاستی وڵاتانی ئاسیاییدا، لە شاری "شی ئانـ"ـی وڵاتی چین بەڕێوە چوو، کە بەهمەن تەیمووری، تاکە کوردی بەشدرابووی ئەو کێبڕکێیانە و بە نوێنەرایەتی کێشی ۷۹ گیلۆگرەمی ئێران بەشداری کردبوو، توانی پلەی یەکەم و مێداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانە بەدەست بهێنێت.

ئەو وەرزشوانە کوردە، لە ساڵی ڕابروودا و لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کێبڕکێیەکی تری جیهانیدا کە ناوەندی وەرزشی زۆرانبازیی ئێران لە ژێر ناوی "جامی تەختیـ"ـدا بەڕێوەی برد، تاکوو قوناغی کۆتاییی ئەو کێبڕکێیانەش پلەکانی سەرکەوتوویی بڕی و لە ئاستی باشترین زۆرانبازانی جیهاندا ناوی تۆمار کرا.

سەرەڕای ئەوەی کە لاوان و بەتایبەت وەرزشوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بایەخیان پێ نادرێت و کەرەستەی پێویستیان بۆ دابین ناکرێت، لاوانی کورد لە تۆمارکردنی سەرکەوتنە نێونەتەوەیییەکانی خۆیان و شانازییەکان بۆ نەتەوەی کورد، بەردەوامن.

تەنانەت سەرکەوتنەکانی لاوانی کورد و بژاردە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتگۆی خراون و هیچ ئاوڕێکیان لێ نادرێتەوە، لە ناچاریدا بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و بەردەوامی لە بوارەکانی خۆیاندا، ڕوویان لە کرێکاری و پیشەگەلێکی پڕمەترسی وەکوو کۆڵبەری کردووە.