کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی ئیلامی میداڵی زێڕی وەرگرت

11:50 - 31 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی ئیلام لە کێبڕکێکانی "کاراتەی قارەمانی ئاسیا"دا میداڵی زێڕی وەرگرت.

لە کێبڕکێکانی کاراتەی قارەمانیی ئاسیادا، کە لە وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی "زەبیحوڵڵا پوورشیپ"، لە کێبڕکێی کۆتایی، کێشی ٨٤ کیلۆی پیاواندا، بەسەر ڕەقیبەکەیدا کە وەرزشوانێکی ئۆردۆنی بوو، سەرکەوت و بە گەیشتن بە ئاکامی "یەک بە هیچ" میداڵی زێڕینی ئەو کێبڕکێیەی بۆ خۆی تۆمار کرد.

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا، وەرزشوانانی مەهابادی لە کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکان، لە یاریی "کیک بوکسینگ"دا، توانییان چەند میداڵ بەدەست بێنن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ خۆیان تۆمار بکەن.

هەروەها، "پوویان سڵێمانی"، وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سنە، توانی بۆ یەکەم جار لە مێژووی پارێزگای سنەدا، ٢ میداڵی ئاسیایی بەدەست بێنێت.

سەرەڕای هەبوونی بەربەستەکان و بایەخ نەدانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە بوارە وەرزشییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا، وەرزشوانانی کورد بەردەوام و لە بوارە جیاوازەکاندا، سەرکەوتن تۆمار دەکەن و هێز و شوێندانەریی خۆیان دەسەلمێنن.