کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانە کوردەکان بەردەوامن لە سەرکەوتن

12:53 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دوو وەرزشوانی کوردی کرماشانی، لە کێبرکێیەکانی ٢٠١٨ی ئاسیا، دوو میداڵیان بە دەست هێنا.

وەرزشوانانی کورد لە کێبرکێیەکانی ٢٠١٨ی ئاسیا، لە جاکارتای ئەندونێزی، بەردەوامن لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی میداڵەکان و لە نوێترین سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد، "حوسێن کەیهانی"، وەرزشوانی بواری هەڵهاتنی مەیدانی، خەڵکی شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان، میداڵی زێڕی بەدەست هێناوە.

هەروەها" پگاه زەنگنە"، خەڵکی شاری کرماشان، هەر لەو کێبڕکێیانە لە بەشی کاراتە، توانیویەتی میداڵی بوڕونز بەدەست بهێنێت.

جێگەی ئاماژەیە کە حوسێن کەیهانی، لە بەشی ٣هەزار مێتریی لەمپەردار، توانی رێکوردی ٨ خولەک و ٢٢ چرکە و ٧٩ لەسەدی چرکە، بە جیاوازیەکی زۆر لەگەڵ نەفەری دووهەم تۆمار بکات و میداڵی زێڕ بەدەست بهێنێت و توانیویەتی ٣ چرکە و ١٠ لەسەدی چرکە، رێکوردی کێبرکێیەکانی ئاسیا بەرز بکاتەوە.

هەروەها جێگەی ئاماژەیە، کە پگاه زەنگنە، چوارەمین ژنێکە کە لە وەرزشوانانی ئێرانی بەشداربووی کێبرکێیەکانی جاکارتا توانیویەتی میداڵ بەدەست بهێنێت.