کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێرانی ئەهواز ناڕەزایەتییان دەربڕیوە

12:47 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەرزێرانی ئەهواز، چەند ڕۆژە دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و دەستیان بەسەر بینای وزارەتی وزە لە ئەهوازدا گرتووە.

وەرزێرانی ئەهواز، چەند ڕۆژە بە هۆی قەدەغەکردنی کشتوکاڵ لەو ناوچانە و سیاسەتە ئاوییەکانی ڕێژیم دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٩ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە دروشمدان بە دژی ڕێژیم بەرەو بینای وزارەتی وزە لە ئەهواز دەچن و دەست بەسەر ئەو بینایە دەگرن.

بەپێی بڕیاری سازمانی جەهادی کشاوەرزیی ڕێژیم، کشتوکاڵ، بەتایبەت کشتوکاڵی برنج، لە ١٤ پارێزگای ئێران قەدەغە کراوە، ئەو بڕیارەی ڕێژیم بە هۆی قەیرانی کەمئاوی دراوە، کە خۆدی ڕێژیم هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانەیە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ژیانی وەرزێران، تەنیا خەڵکن کە زەرەر دەکەن.

لە سەرتاسەری ئێران، بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە عەرەبەکاندا، کە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی ئێرانن، ڕێژیم بە گواستنەوی ئاوی ئەو ناوچانە بۆ بیاوانەکانی ناوەندی ئێران، قەیرانی کەمئاوی خولقاندووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و هەتا ئێستە چەندین جار لەو ناوچانە خۆپیشاندان کراوە.

کارناسانی ژینگە لەو باوەڕەدان کە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە، ئەگەری ڕوودانی شەڕی ئاو لە ئێراندا زیاد دەکات.