کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان بەرهەمەکانی خۆیان لەنێو دەبەن

13:29 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: نابەرپرسیاریەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت وەرزێڕی و وەرزێڕانەوە، ئەو چینەی کۆمەڵگای لەگەڵ کێشە و گرفتی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەرزێڕانی شارستانی "جوێین"، سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بەهۆی نرخی کەمی شووتی لە بازاڕدا، شووتییەکانیان لەنێو برد.

وەرزێڕان به‌هۆی کەمیی نرخی شووتی، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە: "مەملەکەتێک بەم شێوەیه بێت، دەبێ فاتیحاکەی بخوێندرێت".

ساڵانێکە کە وەرزێڕان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا، به‌هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هاوکاریی وەرزێڕان ناکەن، ئەو چینەی کۆمەڵگا لەژێر گوشارێکی دژواردا خەرج و هەزینەکانی لەو بەشەدا دابین دەکات.

هاوکات ڕێژیمی ئێران بەرهەمی وەرزێڕان بە نرخێکی کەم دەکڕێتەوە و زۆر جاریش ئەو بەرهەمەی لێیان دەکڕێتەوە دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ پارەکەیان پێ دەدات.

کاربەدەستانی ڕێژیم هەموو ساڵێک لە کاتی هەڵگرتنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، وادە بە جووتیاران دەدەن کە بەرهەمەکانیان ڕادەستی ئەو حکوومەتە بکەن و بە زووترین کات پارەکەیان وەربگرن.

ئەو وادەیەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە جووتیارانی پارێزگای سنە، هەتا ئێستا پارەی گەنمی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.