کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن

11:49 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی گرانی لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، کامیۆندارانیش داوای زیاترکردنەوەی کرێ بارەکانیان لە وەرزێڕان کردووە.

"سەید حوسێن ڕەحیمی"، بەرپرسی ئەنجومەنی وەرزێڕانی پارێزگای سنە، باسی لەوە کردووە کە داواکاریی کامیۆنداران بۆ بەرزبوونەوەی ٢٠٠ لەسەدیی تێچووی گواستنەوەی بارە گەنمەکان، بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی وەرزێڕانی ئەم پارێزگایەی بەدواوە بووە.

بەرپرسی ئەم ئەنجومەنە، وێڕای ئاماژە بە گرانبوونی ٢٠ لەسەدیی نرخی گەنم لە ئەمساڵدا، باسی لەوە کردووە کە هەموو ساڵێک، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و هەروەها نرخی هەڵاوسان، نرخی گواستنەوەی بارەکانیش گۆڕانی بەسەردا دێت.

بەرپرسی نیزامی سێنفیی وەرزێڕان، بە ئاماژە بە خواستی کامیۆنداران بۆ بەرزبوونەوەی ٢٠٠ لەسەدیی نرخی کرێ بارەکان، ڕایگەیاندووە کە ئەم بەرزبوونەوە لەڕادەبەدەرە، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی وەرزێڕانی لێکەوتووەتەوە و خوازیاری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت زۆربوونەوەی ئەم نرخەن.

داخوازیی وەرزیڕان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە حاڵێکدایە کە ئەوان پێشتر داواین لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە ڕێگا چارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ ڕێگایەک لە لایەن بەناو بەرپرسانی ڕێژیمەوە دیاری نەکراوە.

ساڵی ڕابردووش، کامیۆندارەکان بەهۆی گرانبوونی کەلوپەلی پێویست و هەروەها نەبوونی کار و داهاتی پێویست، چەندین جار مانیان گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی.