کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕان گەنمەکانیان ڕادەستی سیلۆکانی ڕێژیم ناکەن

12:30 - 17 پووشپەڕ 2720

وەرزێڕان لە کوردستان بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ڕێژیمەوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بە نرخێکی کەم دەکڕدرێت و پێدانی پارەکەیان وەدرەنگ دەخرێت، بەرهەمەکانیان ڕادەستی ناوەندە کڕیارەکانی ڕێژیم ناکەن.

بەرپرسی ئیدارەی جیهادی کشاوەرزیی ڕێژیم لە ورمێ وتوویەتی، ئەمساڵ سەڕەرای کڕینی گەرەنتیکراوی گەنم لە وەرزێڕان، ٣٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە و مەزەندەی کردووە کە  ٥١٤ هزار تۆن گەنم ڕادەستی ناوەندە دەوڵەتییەکانی کڕینی گەنم لەو پارێزگایە بکرێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە وەکوو ساڵانی پێشوو، بەهۆی نرخی کەمی کڕینی گەرەنتیکراوی گەنم و نەدانی پارە لە کاتی خۆیدا، وەرزێڕان گەنمەکانیان ڕادەستی سیلۆکان ناکەن.

هەروەها ئەندامی کۆمیسیۆنی کشاوەرزیی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی کە وەدرەنگ خستنی داواکارییەکانی وەرزێڕان بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕادەستکردنی گەنم بۆ سیلۆکان دابەزێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە ڕایانگەیاندبوو بە گەرەنتییەوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی گەنم لە وەرزێڕان دەکڕنەوه، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسای گەرەنتیکراو لەلایەن ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمەوە، خواردەمەنیی پێویست، بەتایبەت دەغڵ و دان لە ئێراندا ڕوویان لە کەمی کردووە.

 وەرزێڕانی کوردستان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و تەنانەت زۆر جاریش وەرزێڕان بۆ ئەوەیکە پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، مان دەگرن.