کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتن و خەواندنی نەخۆشە ئاساییەکان قەدەغە کرا

15:56 - 11 رەشەمه 2719

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، وەرگرتن و خەواندنی نەخۆشە سەرپێییەکانی لە نەخۆشخانە گشتییەکان قەدەغە کردووە و تەواوی نەخۆشخانەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمە، وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە بەخشنامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی شەممە، ١٠ی ڕەشەمەوە، وەرگرتن و خەواندنی نەخۆشگەلی سەرپێیی و ئەلکتیڤ لە نەخۆشخانەکان دەبێ ڕابگیردرێت.

هەروەها تەواوی نەخۆشخانەکانیان بۆ وەرگرتنی تووشبووان بە ڤایرۆسی کرۆنا خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئەو ئامادەباشییەی نەخۆشخانەکان لە سەرتاسەری ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم، دۆخی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە زۆر بە ئاسایی نیشان دەدات، بەڵام بێکیفایەتییەکانی ڕێژیم و نەبوونی توانای بۆ بەرگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە بووەتە هۆی تووشبوونی خەڵکانێکی زۆر و گیانلەدەستدانی هەژمارێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و ئێران.

ڕێژیم وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆی هیچ ئامارێکی ڕاستەقینە لە قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە بڵاو ناکاتەوە و ئەمە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و تۆقانی خەڵک لە دۆخی وڵاتەکەیان و هەروەها ترسی وڵاتانی جیهانیش لە بێکیفایەتیی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەو قەیرانە جیهانییە.