کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانیاندا ٥٢ شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە

13:46 - 24 بانەمەڕ 2722

وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، ٥٢ شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیە لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات لە سنووری "کۆبانیـ"ـیەوە چەند هاوەنیان ئاراستەی کۆمەڵێک بنکەی نیزامیی هێزەکانی تورکیە لە سنووری شارۆچکەی "گارگامش" لە پارێزگای "دیلۆکـ"ـی باکووری کوردستان کردبوو و بەو هۆیەوە چوار سەربازی تورک و کەسێکی سڤیل کوژرابوون.

وەزارەتی بەرگریی تورکیە هەمان ڕۆژ بڵاوی کردبووەوە کە وڵامی هێرشەکانی "هەسەدە"یان داوەتەوە و سنووری شاری کۆبانییان تۆپباران کردووە کە لە ئەنجامدا ٢١ شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە.

لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردووشدا وەزارەتی بەرگریی تورکیە بڵاوی کردبووەوە کە لە هێرشەکانیان بەردەوامن و لە تۆپبارانی ئەو جارەی گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستان ٣٢ شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە.

تاکوو ئێستا فەرماندەیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بەداوی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیە و باس لە هێرشی هێزەکانی هەسەدە بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە، فەرمادەیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات ڕایگەیاندبوو کە هیچ هێرشێک لەلایەن هێزەکانی ئەوانەوە نەکراوەتە سەر هێزەکانی تورکیە و تورکیە خەریکە پاساو دادەتاشێ بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی "هەسەدە"دا هەروەها هاتبوو کە سپای تورکیە نزیک بە ٢٩ گوندیان لە سنووری کۆبانی، عەین عیسا، منبج و شەهبا تۆپباران کردووە و مەبەست لەوەش تەنیا هێرشکردنە سەر خاکی ڕۆژاوای کوردستانە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فەرمیی سووریە ناسراو بە "سانا" لە زاری وەزارەتی بەرگریی سووریەوە ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی هێرشی گرووپە توندڕەوکانی سەر بە تورکیە بۆ سەر هێزەکانیان، ١٠ سەربازی سووریە کوژراون.

ئەو ئاژانسە ڕایگەیاندبوو، پاسێکی هێزەکانی سووریە لە ناوچەی "عنجارە ڕیفی" سەر بە "حەلەب" لەلایەن گرووپی "ئەحرارشامی" سەر بە تورکیەوە بە مووشەکی دژە تانک هێرشیان کرابووە سەر و لە ئەنجامدا ١٠ سەرباز کوژراون و ٩ کەسی دیکەش بریندار ببوون.