وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لەجیاتی ئەوەی کە لە بیری دابینکردنی ڕێگاچارەیەک بۆ دۆخی کۆرۆنا بێت و مەترسییەکان لەسەر خەڵک کەم بکاتەوە، بە خەڵک دەڵێت کە هیواتان بە نەخۆشخانەکان نەبێت.
"سەعید نەمەکی" وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی: "هەر بەو جۆرەی ئێمە لە چەقۆلێدراوێک ناپرسین کە هەڵەی تۆ بووە یان بەرانبەرەکە، ئەگەر کەسێکیش لە پاراستنی پرۆتۆکۆلەکاندا کەمکاری بکات و گوێ بە قسەی ئێمە نەدات، قبووڵکردن و دەرمانی ئەو کەسە پشتگوێ دەخەین".
"نەمەکی" هەروەها وتوویەتی، ئێمە هیوادار بووین و هەین کە خەڵک نەورۆزێکی کەم مەترسی و کەم کێشە تێپەڕێنن، با بە هیچ شێوە باری سەفەر نەبەستن و بیری سەفەرکردنیش لە مێشکی خۆیان بکەنە دەرەوە.
ئەم قسانەی "نەمەکی" لە حاڵێکدایە کە هەمان بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندبوو کە بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتوون و مەترسییەک لەسەر خەڵک نەماوە. کەچی ئەمساڵ ئامارەکانی تووشبووان و قوربانییان بەو ڤایرۆسە زیاتر لە ساڵی پار بووە و خەڵک دەبێ نەورۆزی ١٤٠٠ بە مەترسیی کۆڤید ١٩ و ڤایرۆسە پێشکەوتووەکەیەوە ببەنە سەر و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەرپرسایەتی و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم.