کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، پێدانی وام به ئێرانی قەدەغه کرد

18:35 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، پرۆژەکانی ئێرانی تووشی کێشەی دارایی کردووه.

محەممەدڕەزا جەهان‌بیگلەری، ڕاوێژکاری پێشووی ڕێکخراوی سەرمایەدانانی دەرەکی، وێڕای ئاماژه به هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئاماژەی به شێوازی نوێی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کردووه و وتوویەتی: هەر بانکێکی دەرەکی بیەوێت هەوڵی دابینکردنی باری دارایی بۆ ڕاپەڕاندنی پرۆژه‌کانی ئێران چ به شێوازی فاینانس ( بایەخی دارایی) یان قەرزی بازرگانی بدات، تووشی سزای قورسی دەوڵەتی ئامریکا و هەروەها لەنێوچوونی هاوکاریی کۆمپانیاکانی ئامریکایی دەبێتەوە.

بیگلەری وێڕای ئاماژه به لاوازبوونی کار و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران له چوار ساڵی ڕابردوودا له ڕاکێشانی سەرمایەی ڕاستەوخۆی دەرەکی (FDI)، باسی له چارەنووسی ڕێککەوتنە فاینانسیەکانی پاش هاتنەدەری ئامریکا له بەرجام کرد و جەختی کردەوە، بە بەراوردی چوار ساڵ پێش له سەردەمی دەوڵەتی یازدەهەمدا، لەگەڵ چوار ساڵی پاش ئەوە، بۆمان دەردەکەوێ، که سەرەڕای بارودۆخی توندی گەمارۆوەکان، سەرمایەی دەرەکی لە ١٥ میلیارد و ٥٦٩ میلیۆن دۆلارەوە گەیشتووەتە ١٠ میلیارد و ٥٧٦ میلیون دۆلار.

ئامریکا به هاتنەدەر له رێککەوتننامەی بەرجام، شەپۆلێکی نوێی لە گەمارۆوەکانی دەست پێکردووه. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەم وڵاته جگە له قەدەغەکردنی پێدانی وام بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆژە ئێرانییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، وەلیوڵڵا سەیف، بەرپرسی بانکی ناوەندیی رێژیمی ئێرانی به تۆمەتی میلیاردها دۆلار یارمەتی به گرووپی حیزبووڵلای لوبنان، خسته نێو لیستی گەمارۆوەکانەوە.