کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ١٠ کەس و ٢ ناوەندی ئێرانیی خستە نێو لیستەی گەمارۆوەکانەوە

11:34 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، به دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، ١٠ کەس و ٢ ناوەندی ئێرانیی خسته نێو لیستەی گەمارۆوەکانەوە.

نووسینگەی ئیدارەی چاوەدێری داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، ٢ ناوەند و ١٠ کەسی ئێرانیی به تاوانی سیخوڕیکردن لەسەر بەرپرسانی دەوڵەتی و نیزامی و هەروەها خراپکاریی سایبێری خستە نێو لیستەی گەمارۆوەکانی خۆیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ناوی یەکێک لەو دامەزراوانە " افق نور"ە که لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسداراندا کۆبوونەوە و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی به ناوەڕۆکی دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و یەهوود و ڕەتکردنەوەی هۆلۆکاست بەڕێوە دەبات.

یەکێکی دیکە لەو دامەزراوانە، کە ئەویش سەر بە سپای پاسدارانە، لە ڕێگەی چالاکیی سایبێرییەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە بەرنامەی کامپیۆتێریی خراپکارانه، کاری سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری لە کامپیۆتێری کەسەکانی کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ، هەروەها کۆمپانیای "نت پیگرد سماوات" و کەسانێک وەکوو: غوڵامڕەزا مونتەزمی دامەزرێنەری  دامەزراوی "افق نور"، نادر تالبزاده، سینەماکاری سەر به سپا، حامد قەشقاوی لە چالاکانی فەرهەنگی و سایبێری سپا، زەینەب نەعیم‌موهەنا، هاووڵاتیی دوو ڕەگەزنامەی لوبنانی ـ ئێرانی و هەروەها بێهزاد میسری، محەممەد باقرشیرینکار، حوسێن عەباسی، موجتەبا مەنسوورپوور، میلاد میرزابەیگی و حوسێن پەرواریشی به هۆی پێوەندی لەگەڵ ئەم کۆمپانیانەی خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆوەکانی خۆیەوە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ناوەند و کەسانی چالاکی سەر به سپای پاسداران لە حاڵێکدایە، که فەرماندەکانی ئەم تەشکیلاتە نیزامییە و ناوەندە سەرەکییەکانی وەکوو: ستادی هاوبەشی سپا، هێزە زەوینی، دەریایی و ئاسمانییەکانی سپا، سپای قودس، سازمانی سیاسی عەقیدەتی و ئیتلاعاتی سپا لەسەر کارە خراپکارانەکانی خۆیان، سازکردنی مووشەک و پرۆژه تێرۆریستییەکان بەردەوامن.