کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: ئازار و ئەزیەتی زیندانییانی "ئێڤێن" سیستماتیکە

12:33 - 4 خەرمانان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانان، ئیدارەی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و کاری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیامێکدا سەبارەت بەو ڤیدیۆیانەی کە لەسەر ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی "ئێڤێن" بڵاو بوونەتەوە هەڵوێستی نیشان دا.

لەو پەیامەدا هاتووە:" ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە زیندانی بەدناوی "ئێڤێنـ"ـدا بڵاو بوونەتەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لەمێژە ئەو دۆخە لەو زیندانەدا هەیە و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان کارێکی سیستماتیکە".

هەروەها لەو پەیامەدا ڕایانگەیاندووە:" ئێمە بە ئێران دەڵێین کە تەواوی زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و هەڵسوکەوتێکی شیاویان لەگەڵ بکرێت".

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەزیندانەکانی ئێران بە ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەدا بڵاوی کردووەتەوە ئەو ڤیدیۆیانە نیگەرانییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەر لە زیندانەکان و دۆخی بێ‌بەزەیانە و نامرۆڤانەی بەندە تاکەکەسییەکان پشتڕاست دەکاتەوە.