کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: رێژیمی ئیران هەروا لە پشتیوانە سەرەکییەکانی تیرۆریزمە

16:22 - 30 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران، سەرەکیترین پشتیوانی گرووپە تیرۆریستەکان لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لە بارەی بارودۆخی تیرۆریزم لە جیهان رایگەیاندووە: رێژیمی ئێران هەروا لە رێگەی سپای قودس، لقی دەرەکیی سپای پاسدارانەوە پشتیوانی خۆی لە تیرۆریزم لە جیهان درێژە دەدات.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لەو راپۆرتەدا جەختی کردووەتەوە: ئێران هەوڵی داوە لە رێگەی قاچاخەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، چەک و چۆڵ بنێرێت.

سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە مەحکووم بە جێبەجێ کردنی سیاسەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران کردووە و وتویەتی رێژیمی ئێران دەیهەوێ دۆخی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین ناسەقامگیر بکات.

هەروەها پێشتریش، جاش ئێرنێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردبووە کە رێژیمی ئێران بە درێژایی تەمەنی نەوەیەک لە تیرۆریزم پشتیوانی کردووە و هەروەها واشینگتۆن بە بەرپرسانی رێژیمی ئێرانی رایگەیاندووە کە نیسبەت بە پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم لە جێگا جۆراوجۆرەکانی جیهان نیگەرانە.

رێژیمی ئێران جۆزەردانی ساڵی رابردوو لەگەڵ وڵاتانی سووریە، کووبا و سوودان لە لیستەی پشتیوانی لە تیرۆریزم کە هەر ساڵ لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بڵاو دەکرێتەوە ناوی بەرچاو دەکەوت. رێژیمی ئێران لەم لیستەیە، وەکوو سەرەکیترین رێژیمی پشتیوانی تیرۆریزم ناسێندرابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی خۆیدا، رایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا پشتیوانی لە تیرۆریزم بە شێوەیەکی کەم وێنە نیسبەت بە ٢٠ ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

جاش ئێرنێست هەروەها رایگەیاندبوو: ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان زۆر لاواز بووە بەڵام نیشانەیەک لە کەمبوونەوەی پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم بەتایبەتی پشتیوانی ماڵی نابیندرێت.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە دەستێوەردان و رۆڵی رێژیمی ئێران لە شەڕی یەمەن و پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە حووسیەکان کردبوو و جەختی کردبووە کە شەڕی یەمەن دەتوانێت ببێت بە شەڕێکی بەربڵاو لە ناوچەدا.