کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانی بە ٤٠ ساڵ دۆڕان ناو بردووە

11:25 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردەنەوەی کۆمەڵێک پەیام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دژکردەوەی لە هەمبەر چل ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پیشان دا و ئەم پەیامانەیان بە هەشتەکی "چل ساڵ دۆڕان" ناودێر کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕێبەندان، لە دژکردەوەیەکدا لە هەمبەر تێپەڕینی چل ساڵ بەسەر گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران و کۆتاییهاتنی سەردەمی پاشایەتیی لەم وڵاتە، نووسیویەتی: "چل ساڵ پێش، ئایەتوڵڵا خومەینی، وادەی ئازادیی بەیان و ئازادی ڕاگەیاندنی بە خەڵک دا. ئەمڕۆ ئێران یەکێک لە سەرکوتکراوترین بەستێنی ڕاگەیاندنی هەیە. ڕێژیمی زاڵ تەنیا چل ساڵ دۆڕانی بەدی هێناوە".

ئەم دامەزراوە باڵایەی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، لە درێژەدا ئاماژەی بە وادەکانی دیکەی بونیاتنەری کۆماری ئیسلامی وەکوو: "ئازادیی بەیان" کرد و جەختی کردەوە: ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندنە نێوخۆیییەکانی سەرکوت کردووە و ساڵانە دەیان هەواڵنێر دەسبەسەر دەکات و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیشیان دەکات.

ئەم وەزارەتی ئامریکا، لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، ئەم ڕێژیمە ئینتێرنێتی سنووردار کردووە و دەسپێڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە ئەستەمە. گەندەڵی، هەڵاوسان، سەرکوت، تووشبوون بە مادەسڕکەرەکان، لەنێوچوونی ژینگە و فەرهەنگ بەشێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێرانن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هەروەها ئاماژەی بە قسەکانی خومەینی کردووە، کە خومەینی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بەڵێنی خۆشبژیویی مادی و واتایی بە خەڵک داوە، لە حاڵێکدا چل ساڵ دواتر ڕێژیمی گەندەڵی ئێران، ئابووریی وڵاتی وێران کردووە و بێڕێزی بە میراتی ڕەسەنی ئێران دەکات و بە بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەکان تەنیا چل ساڵ دۆڕانی بە دوای خۆی هێناوە.

لە دوایین بەشی ئەم پەیامانەدا هاتووە، خومەینی وادەی بە خەڵک دا، کە "زوڵمەکانی ڕابردوو کۆتایییان پێ هاتووە و هەوڵ دەدرێت خەڵک بەختەوەر بژین"، لە حاڵێکدا ئەمڕۆ "سەرکوت، دەسبەسەریی، حوکمی لێدانی قامچی بۆ دژبەرانی ئاشتیخواز، چل ساڵ پاش ئەو بەڵێنانە بەسەر ئێراندا زاڵ بووە".