![](/content/upload/1/news/49382_w920.jpg)
"نێد پرایس" وتەبێژی میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە؛ ئێمە پشتیوانی لە مافی خەڵکی ئێران و لە خۆپیشاندانەکانیان دەکەین.
"پرایس" جەختی کردووەتەوە کە خەڵکی ئێران وەک باقی خەڵکی جیهان دەبێ بێ ترس و توندوتیژی بەرانبەریان خۆپیشاندان بەڕێوە ببەن.
ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، خەڵکی پارێزگای خوزستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت نەبوونی بەڕێوەبەریی باش و پچڕانی بەردەوامی ئاو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
هەتا ئێستاش خۆپیشاندانەکان درێژەی هەیە و خەڵک لەسەر شەقامەکانن.
لەو خۆپیشاندانانەدا خەڵکی عەرەبی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، کە زۆربەیان منداڵ بوون و داوای ئاوی خواردنەوەیان دەکرد نەک بە هانایانەوە نەهاتن بەڵکوو بە گولـلە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە وڵامیان دراویەوە.
پێشتر "غوڵامڕەزا شەریعەتی"، پارێزگاری پارێزگای ئەحواز لە پێوەندی بە ئاوی خاوێن وتبووی: "لە هیچ شوێنێکی پڕ ئاو و کەم ئاوی پارێزگای خوزستان، ئاوی خواردنەوە و ئاوی خاوێن بوونی نییە و ئاماژەی بە ٧٣٠ گوند لە خوزستان کرد کە لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن".