کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەشێک لە سیاسەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە

11:42 - 11 خاکەلێوه 2721

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٠ جەختی کردەوە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەشێک لە سیاسەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و ئەو ڕێژیمە سەرەڕای پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان ڕۆڵی هەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوە بڵاو بووەتەوە هاتووە: ''بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕۆڵیان هەبووە، بەڵکوو بە پیشتیوانیکردن لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و میلیشیاکان لە عێراق و حوسییەکانی یەمەن، پێشیلکردنی مافی مرۆڤیان لەو وڵاتانە پەرە پێداوە''.

کوژرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانەی تاکەکان لە ئێران، یەک لەوان ئێعدامی تاکەکان بەبێ دادگاییکردنی عادڵانە و بە هۆکارێک کە لە ڕوانگەی ستانداردە نێونەتەوەییەکانەوە قەبوول ناکرێت، لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەسەر کراوە.

هەروەها ئێعدامی مێرمنداڵان و هەوڵی مەئمورانی ڕێژیم لە ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی تاکەکان لە پێشێلکارییە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانن کە لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا خراوەتە بەر باس.