کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕفاندنی عێراقییەکان و هێرشکردنە سەر لقی پارتی لە بەغدای بەتوندی مەحکووم کرد

17:05 - 29 رەزبەر 2720

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وێڕای مەحکوومکردنی ڕووداوی ڕفاندن و کوشتنی عێراقییەکان بەدەستی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و هێرشکردنە سەر لقی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەغدا، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە دەبێ میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بەزوویی کۆنترۆڵ بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند: "ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتییانی عێراقی و هێرشکردنە سەر لقی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە یەک کاتدا ڕوویان داوە".

هەر لەو پەیوەندییەدا ئامریکا داوا لە حکوومەتی عێراق کردووە: "حکوومەتی عێراق دەبێ بەزووترین کات ئەو میلیشیایانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کۆنترۆڵ بکات کە بە نایاسایی هێرش دەکەنە سەر کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، خۆپیشاندەران، چالاکڤانان، بارەگای حیزبەکان و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دیکە لەو وڵاتە".

سێ ڕۆژ پێش لە ناوچەیەکی پارێزگای "سەلاحەدین" ١٢ کەس لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ڕفێندران و هەتا ئێستا تەرمی هەشت کەسیان دۆزراونەتەوە کە تەرمی سێ کەسیان مێرمنداڵی ژێر ١٢ ساڵان بوون.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە هێرش کرایە سەر لقی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەغدا و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان سووتاند.