کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا یارمەتییە ماڵییەکانی بە پرۆژەی "ئێران دیس ئینفۆ" ڕاگرت

12:44 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، پێدانی یارمەتی بە پرۆژەی "ئێران دیس ئینفۆ" ڕاگرت؛ کە ئەم پرۆژەیە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تەبلیغاتە سیاسییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دروست کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، یارمەتییە ماڵییەکانی بە پرۆژەی "ئێران دیس ئینفۆ" ڕاگرتووە. بڵاڤۆکی گاردین و ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ ڕایانگەیاندووە: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نامەیەکی ئیمیلیدا، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕاگرتنی یارمەتییە ماڵییەکان بە پرۆژەی "ئێران دیس ئینفۆ" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم پرۆژەیە لە لاپەڕەی تویتێرییەکەیدا هێرشی کردووەتە سەر چەند ڕۆژنامەنووسێکی ئامریکایی و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتباری کردوون.

بە وتەی بڵاڤۆکی گاردین، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "بەشێکی بەرچاوی چالاکییەکانی "ئێران دیس ئینفۆ" بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بووە، بەڵام لەم دواییانەدا بینیومانە کە لە دەرەوەی چوارچێوە دیاریکراوەکاندا کاریان کردووە".