کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لە فڕۆکەخانەی تاران بە "هەڵە" ناو برد

12:52 - 16 گەلاوێژ 2721

''سەعید خەتیبزادە'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کاتی پێشوازی لە ''نێچیرڤان بارزانی'' سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران وتوویەتی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەڵەیەک بووە کە لەلایەن تیمی بەڕێوەبەریی پێشوازی لە فڕۆکەخانە ئەنجام دراوە.

بە وتەی ''سەعید خەتیبزادە'' ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕێزی بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق داناوە و لەو بارەوە سیاسەتێکی نەگۆڕی هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، "نێچیرڤان بارزانی'' سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی پایەبەرزی ئەو هەرێمە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری دەستنیشاندەی ئێران سەردانی تارانی کرد.

لە کاتی پێشوازی لە ناوبراو لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران، هەیئەتی ئێرانی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێشوازییان لە هەیئەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەمە کاردانەوەیەکی زۆری بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی ئێران لێکەوتەوە.