کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی زانستی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کۆچی ٩٠٠ مامۆستای زانکۆ کاردانەوەی نیشان دا

11:07 - 21 رەشەمه 2720

جێگری پەروەردەیی وەزارەتی زانستی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە مامۆستایانی زانکۆ دۆخی بژێویی ئەستەمیان هەیە، وتوویەتی، مووچەی مامۆستایانی زانکۆ تەنیا بەشی کرێ خانوو دەکات.

"عەلی خاکی سدیق" جێگری پەروەردەی وەزارەتی زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیم لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە چوونەدەرەوەی ٩٠٠ مامۆستای زانکۆ لە ساڵی ٩٨دا وتوویەتی: "من نازانم ئەو ئامارانە ڕێک لە کوێوە هاتووە، ئەو ئامارانە دەبێ فەرمی بن، لە هەر حاڵدا کێشەی سەرەکیی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێمە و ئەندامانی هەیئەتی زانستی لە وڵاتدا لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگا، بابەتە ئابوورییەکانە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە مامۆستایەکی لاو کە بە بڕوانامەی PHD وەکوو ئوستادیار لە زانکۆیەکدا لە تاران وەردەگیردرێت، بە مووچەیەکەوە کە وەری دەگرێت ڕەنگە بتوانێت کرێی خانوویەک بدات.

دۆخی شپرزەی ئابووری لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا وای کردووە کە خودی بەرپرسانی ڕێژیم دان بەوەدا بنێن کە هێزە مرۆییە بە تواناکانیان بەهۆی بژێویی خراپەوە لەدەست دەدەن.