کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە بانگەشە بۆ خۆپیشاندانەکان لە ئێران سێ بەرابەر بووەتەوە

13:10 - 12 خەرمانان 2720

''حوسێن زولفەقاری'' جێگری ئەمنییەتی و ئینتزامیی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی بانگەشە گشتییەکان بۆ خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو سێ بەرابەر بووەتەوە.

''زولفەقاری'' ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی: ''لە ٥ مانگی ساڵی ڕابردوودا ٥١٩ حاڵەتی بانگەشە بۆ خۆپیشاندانەکان تۆمار کراوە کە لە ماوەی وێکچووی ئەمساڵ گەیشتووەتە هەزار و ٧٠٢ حاڵەت و گەشەیەکی ٢٢٧ لەسەدیی هەبووە''.

لە حاڵێکدا بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار، هەژاری، گرانی و بێ هیوایی بە داهاتوو، هەر ڕۆژە لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت، بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم دەنگی ناڕازیی خەڵک کپ دەکەن و ڕێگە نادەن بە گوێی کەس بگات.

ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییەی ڕێژیم بەنیسبەت ڕووماڵکردنی هەواڵی مانگرتنەکان و کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی کرێکاری لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران وتوویەتی کە ئامانجی ئەو میدیانە ''بە سووریە کردنی'' ئێرانە.

خۆپیشاندانە گشتییەکان لە شارەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە لانیکەم ساڵێک جارێک بە شێوەی سەرتاسەری هاتووەتە ئاراوە کە بە توندترین شێوە لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کراوە و هەزاران کوشتە و برینداری لێکەوتووەتەوە.

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە چالاکییە ئابوورییەکانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ئەمە کە لەگەڵ گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان هاوکات بووە، نیگەرانیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی خەڵک زیاتر کردووەتەوە.

لە حاڵێکدا کارناسان و بەرپرسانی بواری تەندروستی هەروا لەسەر ڕێکارەکانی تەندروستی و سنووردارکردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک جەخت دەکەنەوە، بەرپرسانی ڕێژیم گرینگییەکی پێ نادەن.

''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە مانگی پووشپەڕدا وتبووی کە ئەگەر کار و چالاکییەکان دابخرێن، ڕۆژی دواتر خەڵک بەهۆی برسێتی و گوشار خۆپیشاندان دەکەن.