کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی نەوت: بەو زووانە دەبین بە یەکێک لە هاوردەکراوانی گاز

12:20 - 2 خەزەڵوەر 2721

لە حاڵێکدا بەرجام لە قەیراندایە و گەمارۆکان هەروا بەردەوامن، "موحسێن خوجەستە مێهر" بەڕێوبەری گشتیی شیرکەتی نەوتیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "بۆ گەشە و ئاگاداری ئاستی بەرهەمهێنان و پێشگرتن لە دابەزینی ورووژمی مەیدانە گاز و نەوتییەکانمان پێویستیمان بە چەندین میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە ئەگەرنا دەبێ بەردەوام گاز هاوردە بکەین".

"خوجەستە مێهر" لە درێژەدا وتی، ئەگەر شانۆی قەرەبووکراوەکان لە مەیدانە گازی و نەوتییەکان جێبەجێ نەکرێت هەتا چەند ساڵی دیکە بەرهەمی گازی نێوخۆیی نە کەم نە زۆر وڵامدەری تێچووی ڕێژیمی ئیران ناداتەوە.

ناوبراو پێشبینیی کردووە، بەبێ دابینکردنی سەرمایە هەتا ساڵی ١٤٠٤ ڕێژیمی ئێران دەبێ گاز هاوردە بکات. هەروەها بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی دابەزینی ورووژمی گاز بۆ مەیدانەکانی نەوت و گاز لانیکەم پێویستیان بە ٥٤ میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە.

ڕێژیمی ئێران لە دوای ڕووسیە دووەمین خەزێنەی گازی سروشتیی لە جیهاندا هەیە. لە ساڵەکانی ڕابردوودا و بەهۆی ناکۆکیی نێوان ڕێژیمی ئیران لەگەڵ جیهان لە پەیوەندی لەگەڵ چەکی ناوکی، شیرکەتە بیانییەکان لە بەرنامەی گەشەی مەیدانە نەوتی و گازییەکانی ڕێژیمی ئێران چوونەتە دەرەوە.  

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە شیرکەتە چینییەکانی وەکوو CNPC ڕازی بکەن هەتا لەو بەشە سەرمایە دابنێن بەڵام شیرکەتە چینییەکان بەهۆی ترس لە گەمارۆکانی ئامریکا زۆربەی ڕێککەوتنەکانیان ڕاگرتووە.