وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەکدارانی داعش ٢٢٩ کردەوی تێرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٣٥٦ کەس شەهید، ٤٨٠ بریندار و ٣٣ کەس ڕفێندراون.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا چەکدارانی داعش چەند هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کە چەندین پێشمەرگە شەهید کران.
ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی "جەبار یاوەر" یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو لە سەرەتای دەسپێكی شەڕ دژ داعش لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیەوە هەتا ئێستا، ١ هەزار و ٤٤٦ پێشمەرگە شەهید بوونە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە جیا لە ١ هەزار و ٤٤٦ شەهید؛ ٨ هەزار و ٦١٠ پێشمەرگە بریندار و ٦٤ پێشمەرگەی دیکەش بێسەروشوێن بوونە.
گرووپی تێرۆریستیی داعش ساڵی ٢٠١٤ی زایینی هێرشی کردە سەر باکووری عێراق و دواتر هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە به توندی بەرپەرچی درایەوە و تێکشا.
هەتا ئێستا وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕۆڵ و کاریگەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕ دژی داعش بەرز نرخاندووە و ڕایانگەیاندووە کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی دژی تێرۆر دەکات.