شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٨ی خەزڵوەر، دوو پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری شارۆچکەی "پردێ" سەر بە پارێزگای کەرکووک لە بەرەکانی شەڕ دژی تێرۆریستانی داعش شەهید کران.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە کاتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی تێرۆریستانی داعش دوو پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی "خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر" شەهید کران.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەریمی کوردستان ڕایگەیاندووە، وەک هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگەی کوردستان ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەسپێكی شەڕ دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیەوە هەتا ئێستا هەزار و ٤٤٦ پێشمەرگە شەهید کراون.
جیا لە هەزار و ٤٤٦ شەهید، ٨ هەزار و ٦١٠ پێشمەرگە بریندار و ٦٤ پێشمەرگەی دیکەش بێسەروشوێنن.
وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕۆڵ و کاریگەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕ دژی داعش بەرز نرخاندووە و ڕایانگەیاندووە کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان دژی تێرۆر شەڕ دەکات.
هەر لەو پەیوەندییەدا "باراک ئۆباما" سەرکۆماری پێشووتری ئامریکا سەرەڕای پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو: "پێشمەرگە باشترین دۆستی ئێمە لە ناوچەکەدایە".