کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم مووچەی مامۆستایان نادات

18:32 - 21 بەفرانبار 2720

"موحسێن حاجی میرزایی" وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بەڵێنیی دابوو مووچەی دواکەوتوی مامۆستایانی "حق التدریس" و خانەنشینکراوان هەتا ١٤ی بەفرانباری ٩٩ بدات؛ بەڵام دوای تێپەربوونی حەوتوویەک هەتا ئێستا مامۆستیان مووچەیان پێ نەدراوە.

مامۆستایەک باسی لەوە کردووە: "من ڕۆژانە بێجگە لە کاتی فەرمیی وانەوتنەوەی خۆم ٢٤ کاتژمێر ئیزافەکاریم هەیە بەڵام لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ هەتا ئێستا هیچ مووچەیەکم وەرنەگرتووە".

هەروەها لە دوای ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بەرانبەر ئەو مووچە کەمەی وەری دەگرن لە بەرانبەردا تێچوی بژیوی ژیانیان زۆره. بۆ نموونە مامۆستایەک لە بانە وتوویەتی: "مانگانە ٥٠٠ هەزار تمەن مووچە وەردەگرم لەکاتێکدا دەبێ مانگانە ٧٩٠ هەزار تمەن پارە بۆ بیمە تێبکەم".

بەڵێنییەکانی "حاجی میرزایی" ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم هەتا ئێستا بۆ دانی مووچە بە مامۆستایان جێبەجێ نەکراوە.

مامۆستایان چەندین جار لە بەردەم مەجلیس و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە تاران کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و وتوویانە: "کار بە ئێسکانمان گەیشتووە هەتا کەنگێ غەمی هەڵاواردن، نادادپەروەری و غەمی نانی بخۆین".