کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم بەزۆر پارە لە قوتابییان وەردەگرێت

11:04 - 13 رێبەندان 2719

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی دیکە دەستی بە وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران بە دەرکردنی بەخشنامەیەکی نهێنی، بە هەموو ناوەندە فێرکارییەکانی ڕاگەیاندووە کە لە هەر قوتابییەک دەبێ بڕە پارەی ٢٠ هەزار تمەن وەربگیردرێت.

بەپێی ئەم بەخشنامەیە کە ئێستا لە ورمێ چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، کارنامەی ترمی یەکەمی قوتابییەکان تەنیا لە حاڵەتێکدا دەدرێتەوە کە ئەو پارەیە بە بەرپرسانی قوتابخانەکەیان بدەن.

ئەم پارە وەرگرتنە زۆرەملێیە لەژێر ناوی "بەشداریی دڵخوازانە لە کاروباری پەروەردە و بارهێنانـ"ـدا بەڕێوە دەچێت و لەسەر فیشی تایبەت بە وەرگرتنی ئەم پارەیە ئاماژە بە ٣ خاڵ کراوە کە گوایە پارەکە بۆ ئەو کارانە کۆ دەکرێتەوە.

خاڵە ئاماژە پێکراوەکان بریتین لە، بەڕێوەبردنی کێبڕکێی وەرزشی، فەرهەنگی و هونەری و هەروەها ئوردوو، چاکسازیی شوێنە فێرکارییەکان و بردنەسەرەوەی ئاستی چۆنیەتیی فێرکاری.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خاڵە ئاماژە پێکراوەکان هەموویان لەو ئەرکانەن کە بۆ خودی وەزارەتی پەروەردە دیاری کراون و ساڵانە دەبێ خودی ئەم ناوەندە، بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی قوتابخانەکان لەلایەن دەوڵەتەوە داوای بودجەی بۆ بکات.