وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی ئێمە چەند مانگ پێش و تەنانەت چەند ڕۆژ پێش کوژرانی "فەخریزادە"، هۆشداریمان دابووە پارێزەرانی.
لەو پێوەندییەدا "عەلی ڕەبیعی" وتەبێژی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە تەنانەت شوێنی ڕووداوەکەشی بە پارێزەرانی "فەخریزادە" داوە.
کوژرانی کارناسە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە پێشتر "محەممەد حوسێن کازمی" جێگری حفازەتی سپای پاسداران وتبووی؛ لەو کاتەوە پاراستنی گیانی زانا ئەتۆمییەکانمان دراوەتە دەستی ئیتلاعاتی سپا، مەترسی لەسەر گیانیان نەماوە.
ئەم کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە "فەخریزادە" پێشتر لەلایەن سەرکۆماری ڕێژیمەوە بەبۆنەی ڕۆڵ و کاریگەریی ناوبراو لە بردنەپێشی چالاکییە ناوکییەکانی خەڵات کراوە بەڵام ئەو کارە بە بێدەنگی بووە.
وتەبێژی کابینەی "ڕووحانی" باسی لەوە کردووە کە ئەگەری کوژرانی "فەخریزادە" ٢٠ ساڵە هەبووە.
"حوسێن دێهقان" ڕاوێژکاری نیزامیی ڕێبەری ڕێژیم کەمتەرخەمی و گوێنەدانی پارێزەرانی بە هۆکاری کوژرانی "فەخریزاده" زانیوە و وتوویەتی دەبێ وڵامدەر بن.
لەلایەکی دیکەوە "عەلی شەمخانی" سەرۆکی شورای باڵا ئەمنییەتی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی ناشتنی "فەخریزادە"دا وتوویەتی کە پێشتریش چەندین جار هەوڵی کوژرانی "فەخریزادە" دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوونه.