کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا و چوار وڵاتی ئورووپایی هێرش بۆ سەر هەولێریان مەحکووم کرد

11:47 - 29 رێبەندان 2720

وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و بریتانیا، لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا هێرش بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا کە "ئانتۆنی بلینکێن، ژان ئییۆ لۆدێریان، هایکۆ ماس، لوئیجی دی مایۆ و دۆمێنێک ڕاب" واژۆیان کردووە، هێرشی ڕۆژی دووشەممە بۆ دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێریان بە "توندترین دەربڕین" مەحکووم کرد.

لەو بەیانییەیەدا سەرەڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو هێرشە، وتوویانە کە دەوڵەتەکانی ئێمە پێکەوە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ناسینەوەی بەڕێوبەرانی ئەو هێرشە دەکەن.

وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا و چوار وڵاتی ئورووپایی جەختیان کردەوە کە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هێرشەکان بۆ سەر پێرسۆنێلی نیزامیی ئامریکا، هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان قەبووڵ ناکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتیی ئامریکا وتوویەتی کە لە هێرشی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، پەیمانکارێکی سڤیل کوژراوە و نیزامیکارێکی ئامریکاییش بریندار بووە.

بەگشتی لەو هێرشەدا ٩ کەس بریندار بوون کە ٨ کەس لەوانە پەیمانکاری سڤیل بوون و یەک کەسیشیان لە هێزە نیزامییەکانی ئامریکا بووە.

ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە گرووپێکی نەناسراو بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەیان وەئەستۆ گرتووە، بەڵام بەرپرسانی عێراق لەو باوەڕەدان کە ئەو گرووپە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.