کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئامریکا: سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەروا درێژە پێ‌دەدەین

18:06 - 21 جۆزەردان 2721

''لوید ئاستین'' وەزیری بەرگریی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردان لە دانیشتنی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێنا، لەبارەی شیکردنەوەی بودجەی ٢٠٢٢ی پینتاگۆن وتوویەتی: "بودجەیەک کە پێشنیار کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوه لەگەڵ توانا مووشەکییەکانی وڵاتانێکی وەکوو کۆرەی باکوور و ئێران؛ یارمەتیدەرە".

ناوبراو لە دانیشتنی تاوتوێکردنی بودجەی بەرگریی داهاتووی ئامریکا وتوویەتی: "ئەم پرۆژەیاساییە کە بودجەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا دابین دەکات، نە تەنیا لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران، بەڵکوو بۆ لەگەڵ هەڕەشەی گرووپەکانی وەکوو داعش و ئەلقاعیدە ".

''لوید ئاستین'' لە بەشیک لە قسەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای هەوڵدان بۆ هەڕەشە لە دراوسێیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکیی و مووشەکی و پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژە پێ‌دەدات.

وەزیری بەرگریی ئامریکا لە درێژەی قسەکانی خۆیدا لە دانیشتنی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی سێنا جەختی کردەوە کە پێنتاگۆن سیاسەتی پاراستنی تواناییەکانی خۆی بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا درێژە پێ‌دەدات.

بودجەی بەرگریی پێشنیارکراوی دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' بۆ ساڵی داهاتوو ٧٥٣ میلیارد دۆلارە کە ٧١٥ میلیاردی بۆ وەرزارەتی بەرگری لەبەرچاو گیراوە.

 بودجەی بەرگریی ساڵی ڕابردوو ٧٤٠ میلیارد دۆلار بووە کە ٧٠٤ میلیارد دۆلاری بۆ پێنتاگۆن تەرخان کرابوو.