کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: گەشە بە چالاکییە ئاشکرا و نهێنییەکانمان دژ بە ڕێژیمی ئێران دەدەین

11:26 - 30 سەرماوەز 2721

"بنی گانتز" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران لە بابەت دانوستاندنی ناوکی لە ڕەوشێکی خراپدایە و بە فشار خستنە سەری دەتواندرێت ناچار بە پاشەکشە بکرێت".

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی "تایمز"ی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەز "بنی گانتز" لە دانیشتنێک لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئیسرائیل وتی: "بارودۆخی خراپی نێوخۆیی ئێران هەلێکی باشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئێران وڵاتێکی زلهێز نییە. لە ئێراندا کێشەی ئابووریی زۆر هەیە و هاووڵاتییان لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوون. وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە دەیەی ڕابردوودا ٥٠ لەسەد کەمی کردووە و ئێران لەگەڵ کێشەی نێوخۆیی و دەرەکیی زۆر بەرەوڕووە".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها زیادی کرد: "ڕێژیمی ئیسلامی لە بوونی ئەو کێشانە زۆر بە چاکی ئاگادارە و بێ ئەوەی هیچ شتێکی بەدەستەوە بێت، دێتە سەر مێزی دانوستان. ئێمە خەریکی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمانین و لە داهاتوویەکی نزیکدا چالاکییە ئاشکرا و نهێنییەکانمان بە دژی ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی جۆراوجۆر گەشە پێ دەدەین".

ناوبراو جەختی کردەوە: "ئیسرائیل لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا خەریکی ئامادەسازی و دابینکرنی هێز و چەکوچۆڵی نوێیە بۆ ئەوەی هیچ شتێک نەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەری".