کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەگەری زۆرە لە ئێران ڕووداوگەلێک بێتە ئاراوە

11:38 - 16 بەفرانبار 2720

''بێنی گانتس'' وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی ئیسرائیلیی ''وای نێت'' وتوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە هاوکات لەگەڵ گۆڕینی سەرکۆمار لە کۆشکی سپی، لە ئێران ڕووداوگەلێک ڕوو بدات.

''بێنی گانتس'' وتوویەتی: ''نازانم بارودۆخەکە هەتا چ ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەگەری هاتنە پێشی ڕووداوگەلێک هەیە کە ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەم دۆخەدا بێنێت''.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەسەر هەستیاربوونی ئەو دۆخە جەختی کردەوە و باسی لەوە کرد: ''ئەرتش و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ئامادەباشیی تەواودان و ئاگاداری هەموو شتێکن''.

ناوبراو لەبارەی چۆنییەتیی ئەگەری ئەو ڕووداوە زیاتر باسی نەکردووە.

کاتژمێرێک پێش لە قسەکانی ''بێنی گانتس''، ''نێتانیاهوو'' سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتێکدا لە کاردانەوە بە پیتاندنی ئورانیۆم بە خەستیی ٢٠ لەسەد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتبووی، ئیسرائیل هیچکات ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادات بەرنامەی دروستکردنی چەکی ناوکیی هەبێت.