کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ بووەوە

17:52 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی زیادبوونی جووڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ بووەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا کە لە بەغداددا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆ بووەوە، وتوویەتی کە ئەو بە بۆنەی زیادبوونی جووڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا ئەم سەفەرەی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر بابەتی دابینکردنی ئاسایشی شارۆمەندان و بەرژەوەندیی ئامریکا، وتووێژی کردووە.

پۆمپێئۆ، ١٧ی بانەمەڕ، دیدارەکانی خۆی لە ئاڵماندا هەڵوەشاندەوە تا بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بۆ ئەو وڵاتە بڕوات.

سەفەری پۆمپێئۆ بۆ عێراق دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە ڕاوێژکاری ئاسایشی میللیی ئامریکا ڕایگەیاند کە ئامریکا بۆ ئەوەی کە پەیامێکی ڕوونی بۆ تاران ناردبێت، توانای نیزامیی خۆی لە ناوچەکەدا، بە ناردنی ناو و بۆمب‌هاوێژ، بردووەتە سەرەوە.

لە هۆکارەکانی دیکەی سەفەری وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ عێراق ئەوەیە کە زانیاریی پێویست لەبارەی بەرزبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، بەو وڵاتە بدرێت.

هەروەها سەرکۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئامریکایان دڵنیا کردەوە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ئامریکاییەکانی نێو ئەو وڵاتەدا، پێداگرن.

سەفەری چاوەڕوان‌نەکراوی وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ عێراق، لەم ساڵەی زایینیدا، دووەمین سەفەری ئەوە بۆ ئەو وڵاتە دراوسێیەی ئێران.