کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە نیسبەت درێژەی پشتیوانی لە تیرۆریزم هۆشداری بە ئێران دا

20:36 - 11 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە وتووێژێکی تایبەتیی خۆیدا لەگەڵ العربیە نت هۆشداری بە ئێران دا کە پشتیوانی لە تیرۆریزم نەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، فیلیپ هاموند، وەزیری دەرەوەی بریتانیا هۆشداری بە رێژیمی ئێران دا کە لە ئەگەری درێژەی پشتیوانی لە تیرۆریزم، بوار بۆ وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی هەڵگرتنی هەنگاوی سەربەخۆ لەبار دەبێت.

هاموند لەمەڕ پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دوای واژۆی ڕێکەوتنی ناوەکی و ئەگەری کەڵک وەرگرتنی تاران لەو سەرمایەیەی کە دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان بەدەستی دێنێت وتی: دەزانین کە هەڵسوکەوتە کێشە خوڵقێنەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا درێژەی هەیە، هیوادارین بە تێپەڕینی کات و بەرفراوانبوونی پەیوەندی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهان و هەڵگیرانەوەی گەمارۆکان، هەڵسووکەوتی جیاواز لە تاران ببینین.

ناوبراو ڕاشی گەیاند: ئاڵووگۆڕ لە هەڵسوکەوتەکانی ئێراندا یەک شەوە ڕوو نادات و پێویستی بە کات هەیە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە درێژەدا وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بە پشتیوانی لە تیرۆریزم بدات، بوار بۆ وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی هەڵگرتنی هەنگاوی سەربەخۆ لەبار دەبێت، بەڵام بەو هەنگاوانەی کە دژ بە ئێران بەتایبەت لە سەر پرۆگرامە نایاساییەکانی جێبەجێمان کردووە، جیاواز دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەمانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی تیرۆریزمی خۆیدا ڕێژیمی ئێرانی بە پشتگیری لە تیرۆریزم تاوانبار کرد.

لەو ڕاپۆرتەدا، وڵاتانی ئێران، کوبا، سودان و سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزم جێیان گرتبوو.

هەروەها، پشتگیری ڕێژیمی ئێران لە حەماس، حیزبووڵڵای لوبنان و ڕێژیمی بەشار ئەسەد لەژێر ناوی پشتگیری لە تیرۆریزم لەقەڵەم دراوە.