کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان : ڕێژیمی ئێران داگیرکەرە

15:37 - 29 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: عادڵ جەبیر لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا، ڕێژیمی ئێرانی بە داگیرکەر لەقەلەم دا و داوای لەو ڕێژیمە کرد کە کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکارانە و دەستێوەردانی لە ناوچەدا بێنێت.

ئەلجەبیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، ڕێژیمی ئێرانی بە داگیرکەر لە قەڵەم دا و داوای لە ڕێژیمی تاران کرد کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن و لوبنان بێنێت.

ناوبراو، ڕێژیمی ئێرانی لە هەمبەر سووریە بە وڵاتێکی داگیرکەر وەسف کرد و داوای لە ڕیبەرانی ڕێژیمی تاران کرد کە هێزەکانی خۆیان و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە بکێشنەوە و هەناردەکردنی چەک و چۆڵیش بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕابگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، فرانک واڵتێر شتان ماێیر بێ‏هیوا بوونی خۆی لەمەڕ هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی خۆی لە ئێران و عەرەبستان بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە خوێنڕێژی لە وڵاتی سووریە دەربڕی و ڕایگەیاند کە کەلێنی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دۆخی ئێستادا چاک نابێتەوە.

ناوبراو لە سەفەری خۆیدا بۆ عەرەبستان و دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلەک سلێمان لە ڕیازی پایتەخت، ڕایگەیاند: لە وڵاتی عەرەبستان بێ‏متمانەییەکی زۆر بە نیسبەت ئێرانەوە لەئارادایە و لەدۆخی ئێستادا زۆر دژوارە کە بتوانین بە سەر کەلێنی بەرینی نێوان تاران و ڕیازدا سەرکەوین.

هەنووکە بە قووڵبوونەوەی قەیرانەکان و زیاتر بوونی ڕێژەی شەڕەکان لە عێراق و سووریە، ئێران ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی وەکوو؛ عێراق، سووریە، پاکستان و ئەفغانستان لەبەرژەوەندیی خۆیدا بەسیج کردووە بۆئەوەی هەم لە ئۆپراسیۆنی سەربازیدا بە قازانجی ئێران بەشدار بن و هەم چالاکیی سیخورییان هەبێت.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەستیوەردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا کردووە و زۆربەی کارناسانی مەسایلی سیاسی لە سەر ئەو بڕوایەن کە ڕێژیمی ئێران یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنەئارای قەیرانی هەنووکەیی ناوچەکەیە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.