کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پرۆتکۆلی دیپڵۆماتیکی ڕێوڕەسمی کۆتایی دانیشتی بەغدای پێشێل کرد

12:57 - 7 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان، لە کۆتایی دانیشتنی بەغدا کە بە بەشداریی بەرپرسانی چەندین وڵات یەک لەوان ئێران بەڕێوە چوو، لە کاتی گرتنی وێنەی یادگاری، لە حاڵێکدا تیمی پرۆتکۆلی عێراق شوێنی ڕاوەستانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیان لە سەفی دووهەم لە تەنیشت وەزیری دەرەوەی عەرەبستان دیاری کردبوو، ''ئەمیر عەبدوڵڵاهییان'' بە گوێنەدان بەو پرۆتۆکۆلە لە سەفی یەکەمدا ڕادەوەستێت و لە تەنیشت سەرۆکوەزیرانی ئیماراتی یەکگرتووی عەربی ڕادەوەستێت.

دوای ڕاوەستانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە سەفی یەکەمدا، سەرۆکوەزیرانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەنیسبەت وەزیری دەروەی ڕێژیمی ئێران تووڕە دەبێت و ساڵۆنی کۆنفڕانسەکە جێ دێلێت و بە جێگای ئەو یەکێک لە وەزیرانی ئیمارات قسە دەکات.

زۆرێک لە میدیاکان لە کاتی وێنەگرتندا تیشکیان خستبووە سەر شوێنی  ڕەواستانی ''ئەمیر عەبدوڵڵاهییان'' و لەو هەوڵەی ناوبراو گازەندەیان دەربڕیوە.

بەپێی نەریتە دیپلۆماتیکەکان ڕێبەرانی وڵاتان دەبێ لەسەفی یەکەمدا و وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسەکانی دیکە لە سەفی دیکەدا ڕاوەستن، بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیران لە سەفی یەکەمدا ڕاوەستاوە.

زۆرێک لە کارناسانی کاروباری نێونەتەوەیی ئەو هەوڵەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیان بە زیدەخوازیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە لێک داوەتەوە.