کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەتوندی وڵامی "زەریفی" دایەوە

18:22 - 26 گەلاوێژ 2720

مەحکوومکردنی ڕێککەوتننامەکەی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئیماراتی بەدواوە بوو.

"عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان" وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەنیسبەت هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و مەحکوومکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، وڵامێکی توندی بە "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران داوەتەوە.

"ئال نهیان" وتوویەتی: "ئەگەر ئێوە موسڵمانن ڕێگە و ڕەوشی حکومەتداری بەسەر خەڵکی خۆتاندا فێر بن، لە ڕیزی پێنج وڵاتی دەوڵەمەندی جیهانن کەچی خەڵکی وڵاتەکەتان بۆ پاروویەک نان تا نێو قەد خۆیان لەنێو زبڵدانەکاندا شۆڕ دەکەنەوە".

هەروەها ئەو وەزیرەی ئیمارات لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "لە وڵاتێکی موسڵماندا نابێ وەزیری دز و گەندەڵ پەروەردە بکرێت و خەڵکی خۆی ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر بکات".

وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕوو لە "زەریف" وتوویەتی: "ئێمە باشتر لە ئێوە کاروباری خۆمان دەزانین و پێویستمان بە ڕێنوێنیی ئێوە نییە و ئەگەر بمانەوێت لە ئێوە ڕێنوێنی وەربگرین ئەوە خەڵکێکی هەژار و وەزیرانێکی دزمان دەبێت".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد.

لە دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران و وەزیری دەرەوەی ڕێژیم چەند جارێک هەڕەشەی توندیان لە ئیمارات کردووە و بەتوندی مەحکوومیان کردووە.