کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆ و چەندین فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆیان لەسەر خرا

12:24 - 1 جۆزەردان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، ئامریکا وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران و هەشت بەرپرسی فەرمی و سێ دامەزراوەی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و سرکوتی خۆپیشاندانەکان تەحریم کرد.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند کە ''عەبدوڵڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆ، ''حوسێن ئەشتەری'' فەرماندەی هێزی ئینتزامی و چەند کەسی دیکەی لە فەرماندەکانی پلەباڵای ئەم دامەزراوە نیزامییەی بەهۆی کوشتنی خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

شوناسی ئەو کەسانەی دیکە کە گەمارۆیان لەسەر خراوە بریتین لە: "محەممەد عەلی نووری نژاد جێگری هاوئاهەنگیی ناجا، حەمید ڕەزا ئەشراق جێگری حقووقی و کاروباری مەجلیسی ناجا، هابیل دەرویش پێوەندیدار لەگەڵ بونیانی تعاونیی ناجا، موحسێن فەتحی زادە بەرپرسی ڕێکخراوی حیفازەت و ئیتلاعاتی ناجا، یەحیا مەحموودزادە جێگری تەرح و بەرنامەی بودجەی ناجا، حەسەن شاهوور پوور فەرماندەی سپای وەلیعەسەر و ئەیووب سلێمانی فەرماندەی ناجا و جێگری تەرح و بەرنامەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم".

''ئێستیو منوچین''، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، لەو بەیانییەیەدا وتوویەتی: "ئەم کەسانە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕزایەتییە ئاشتیخوازانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ خراونەتە نێو لیستی ڕەشی ئامریکاوە".

بەم پێیە سەرجەم داراییەکانی ئەم کەسانە لە ئامریکا دەستی بەسەردا دەگیرێت و دانیشتووانی ئامریکا و ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی ئامریکاییان هەیە بۆیان نییە لەگەڵ ئەم کەسانە مامەڵە و بازرگانی بکەن.