کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی بەحرەین: ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی هەمیشەییە بۆ سەر تەناهیی ئێمە

13:44 - 25 خەرمانان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانان، وەزیری نێوخۆی "بەحرەین" بە ئاماژەپێدان بە ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی ئەوەیە هێژموونیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکات".

"شێخ ڕاشد بێن عەبدوڵڵا ئال خەلیفە" وەزیری نێوخۆی بەحرەین لە قسەکانیدا پشتیوانیی خۆی لە سازانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند و ڕێژیمی ئێرانی وەک مەترسییەک بۆ سەر تەناهیی وڵاتەکەی ناو لێ بردووە.

"شێخ ڕاشد" هەروەها وتوویەتی، بەحرەین لە هەلومەرجی تەناهی و ئابووریدایە و هەر جۆرە دواکەوتنێک لێکەوتەیەکی خراپی بەدواوە دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا "عەبدوللـەتیف بێن ڕاشد ئەلزیانی" وەزیری دەرەوەی بەحرەین چووەتە واشنتۆن تا لە دانیشتنی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری بکات.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانان، سپای تێرۆریستی پاسداران وێڕای مەحکوومکردنی پەیوەندیی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل، هەڕەشەی توندی لەو وڵاتە کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە "تۆڵەی سەخت" لە بەحرەین دەکەنەوە.